بەرپرسێکی ناوچەکە: "دۆخی ئەمنیی قەرەتەپە باش نییە"

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەرەتەپە دەڵێ، ١٥رۆژ دەبێت دۆخی ئەمنیی ناوچەکەیان تێکچووە و، ناوچە کوردنشینەکان لە ترسی هێرشی شەوانەی داعش پاسەوانی لە خۆیان دەکەن.
(کەمال ئیبراھیم) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "نزیکەی ١٥رۆژ دەبێت جموجۆڵی داعش زۆر زیادی کردووە؛ شەوانە ھێرش دەکەنە سەر گوندەکان و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، کە بە هۆیەوە ترس و دڵەراوکێیەکی زۆر لە دڵی خەڵکی دروست بووە، ئاواییە کوردنشینەکان شەوانە پاسەوانی دەگرن و تا ڕۆژ دەبێتەوە ناخەون، خۆی ئەمە بۆ دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی دەگەڕێتەوە."
(ئیبراھیم) نەیشاردەوە کە چەند رۆژێکە دەنگۆی ھاتنی چەند کەسێکی خۆکوژ بۆ ناو قەرتەپە بڵاو بووتەوە و گوتی، "ھەرشەوی رابردوو تیرۆریستێک بەر لەوەی خۆی بتەقێنێتەوە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێ کرا و کوژرا."
ئەو بەرپرسەی پارتی لە سنووری قەرەتەپە هاوکات بە پێویستی دەزانێ کە چارەیەک بۆ ئەو دۆخە ئەمنییە نالەبارە بدۆزرێتەوە و، باوەڕی وایە، بەم دۆخەی ئێستاوە داعش زیاتر بەھێز دەبێت لە ناوچەکە.
بڵند ئیبراھیم




