٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەورامی: قسەی سیاسیمان دوای ڕیفراندۆم دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ لە پیرمام، (هێمن هەورامی)، بەرپرسی بەدواداچوونی کارە سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک، پێشوازی لە نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان کرد و لە دیدارەکەدا گوتی: ''قسەی سیاسیمان لە دوای ڕۆیفراندۆمەوە دەبێت.''

لەو دیدارەدا، (هێمن هەورامی) بە وردی تیشکی خستە سەر دواپەرەسەندنەکانی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی. قسەکانی (هەورامی) زیاتر لەو بارەیەوە بوو، کە کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، نابێ تەنیا لە دیدگا سیاسییەکەیەوە لێی بڕوانین. مەبەست لە ڕیفراندۆمیش دەرهێنانی پرسی سەربەخۆییی کوردستانی عێراقە لە مەسەلەیەکی سیاسییەوە بۆ سەلماندنی نیشتمانیبوونی پرسەکە، بۆیە قسەی سیاسیمان دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەبێت.

هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند، کە هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرسە دەرگای دیالۆگ و گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا بە تاکە دەرگا دەبینێت و دەبێ بگەینە ئەو باوەڕەی کە ئیتر پێکەوەبوونمان زیانی لە زیاترە لە سوود.

بەشێکی دیکەی وتەکانی بەرپرسی کارە سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی (سەرۆک بارزانی) تەئکیدکردنەوە بوو لەسەر هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی بەغدا بۆ لەناوبردنی تیرۆر و ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئاسایش لە عێراقدا.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو لا پێداگرییان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا کرد و هیوای بەردەوامیی ئەم جۆرە کۆبوونەوانەیان دەربڕی، بۆ گۆڕینەوەی دیدگای هەردوو لا سەبارەت بە پرسەکان.

لەو دیدارەدا، (هەورامی) داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد، کە بۆ ٢٥ی ئەیلوول چاودێری زیاتر بنێرن، بۆ نیشاندانی پاکیی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار