٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەبو کاروان: هەوڵی جددی ھەیە کێشە نێوخۆییەکان چارە بکرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێکی كۆمیتەی ئامادەکاری ڕیفڕاندۆم ئاشکرای کرد، لە ئایندەیەکی نیزیکدا لیژنەکانی تایبەت بە ئامادەکاریی ڕیفڕاندۆم دەست بە کارەکانیان دەکەن و دەشڵێت، هەوڵی جددی ھەیە پێش ئەوەی دەست بە کارەکان بکرێت، کێشە نێوخۆییەکان چارە بکرێن.

(ئەبوو کاروان)، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری ڕیفڕاندۆم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەکردنی پرسە نێوخۆییەکان و بەشداریی ھەموو ھێزەکان لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمدا بەردەوامە و من ئاگادارم هەوڵی زۆر جددی دەدرێت، کێشە نێوخۆییەکان چارە بکرێن، بەڵام هەوڵەکان لە ڕاگەیاندندا باس ناکرێن، بڕیارە لیژنەکان ئامادەکاری بکەن بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتانی دەرەوە و بەغدا بکەین بۆ ئەوەی پرسی ڕیفڕاندۆم لەگەڵ ئەو وڵاتانە باس بکەین، ھێشتا لیژنەکان، ئەوانەی دەچنە دەرەوە بۆ دانوستان پێک نەھاتوون، بەڵام کار بۆ پێکھێنانیان دەکرێت و بڕیارە لە ئایندەیەکی نیزیکدا ئامادەکاری بۆ ئەو سەردانانە بکرێت.''

دەربارەی ھەلوێستی وڵاتانی دەرەوەش ئەندامەکەی لیژنەی باڵای ڕیفڕاندۆم گۆتی: ''ئەو وڵاتانە تا ئێستا ھەڵوێستیان دیارە دژی ڕیفڕاندۆمن، بەڵام  ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی، مافی گەلی کورد و خەڵکی ھەرێمی کوردستانە و بە پێی یاسا و بڕیارە نێودەڵەوتییەکان ھەرێمی کوردستان و گەلی کورد مافی ھەیە سەربەخۆ بژیت، ئێمەش بڕیاری ئەوەمان داوە لە ڕێی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمەوە بگەینە ئەو ئامانجە و وڵاتێکی سەربەخۆی خۆمان، وەک ھەموو گەلانی دنیا دروست بکەین.''

(ئەبوو کاروان) ھاتە سەر ھەڵوێستی بەغدا و دەڵێت: ''ئێمە یەکێک لە شاندەکان ڕەوانەی بەغدای پایتەختی عێراق دەکەین ھەتا وەک ئەرکێک ئاگاداریان بکەینە و پرس و ڕایان پێ بکەین. ئێمە بۆچوونی میللەت وەردەگرین بۆ دیاریکردنی ئایندەی خۆیان، ئیتر دەمێنێتەوە سەر تێگەیشتنی ئەوان، من پێم وایە حکوومەت یەک بەیەکەکانی عێراق ھەڵوێستیان یەک بووە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و وەڵامی بەغداش بۆ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی ئێمە ھەر نەخێر دەبێت.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار