٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەجیب: ھەرێم لە ھەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی ئابووری سەركەوتوو بووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- شارەزایەكی ئابووری دەڵێت، ھەرێمی كوردستان لە ھەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی ئابووری سەركەوتوو بووە، ھەر ئەمەیش وای كردووە ئێستا ھەرێمی كوردستان بەرەو ریفراندۆم بچێت. دەشڵێ، ئەگەر ھەرێم ریفراندۆم ئەنجام بدات و سەربەخۆ بێت، ئەوكات ھیچ كێشەیەكی ئابووریی نامێنێت.

شارەزای ئابووری و ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (نەجیبە نەجیب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئەگەر ئێمە ببینە دەوڵەت و سەربەخۆیی رابگەیێنن، ئەو كات دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان زۆر باش دەبێت، چونكە لە ئێستادا ھەرێمی كوردستان تەنھا بە داھاتی خۆی دەژیت و ناتوانێت قەرز بكات وەكو دەوڵەتی عێراق، چونكە عێراقیش بە ھەمان شێوەی ھەرێم لە قەیرانی داراییدایە، بەڵام بە ھۆی وەرگرتنی قەرز و ھاوكاریی نێودەوڵەتی، زۆر كێشەی بۆ دروست نەبووە، بۆیە ئێستا كە بەرەو ریفراندۆم دەچین و سەربەخۆ دەبین، كێشەی ئابوورییشمان چارە دەبێت".
(نەجیب) گوتیشی، "حكوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ـدا كاتێك بەشەبوودجەی ھەرێمی كوردستانی بڕی، مەبەستیان ئەوە بوو كە ھەرێمی كوردستان وێران بكەن وتێك بچێت، بەڵام بە ھۆی سیاسەتی حكوومەتی ھەرێم و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان، توانرا شكست بەو ھەڵە بێنن، هەروەها ژێرخانێكی ئابووری دروست بكەین و سەركەوتن بەدەست بێنین و بەرەو سەربەخۆیی ئابووری بچین، ئەمەیش وای كرد ئێستا ھەرێمی كوردستان ریفراندۆم ئەنجام بدات".
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردەوە، "ھەرێمی كوردستان بە بێ قەرزی نێودەوڵەتی و ھاوكاری، تەنھا بە داھاتی خۆی توانی لەو قەیرانە داراییەی لە چەند ساڵی رابردوودا تووشی بوو، خۆی رزگار بكات، لە كاتێكدا حكوومەتی عێراق بەو ھەموو قەرز و ھاوكاری و داھاتی نەوتە، بە زۆر دەتوانێ خۆی بەڕێوە ببات، ئەمە سەركەوتنی ئابووریی ھەرێمی كوردستان دەگەیێنێت".
دەشڵێت، "لە ئێستادا ھەرێمی كوردستان بە واقع سەربەخۆیە لە ڕووی ئابووری، سیاسی، ئیداری و سەربازییشەوە، بۆیە تەنھا ماوە ریفراندۆم بكات و ببێتە دەوڵەت، ئەگەر نا ھیچ كێشەیەكی نییە و ئەگەر ببینە دەوڵەت، ئەوكات ھەرێمی كوردستان زیاتر كراوە دەبێت و دەچێتە قۆناغێكی دیكەوە".
راشیگەیاند، "عێراق لە ئێستادا ١٠٧ملیار دۆلار قەرزی ناوخۆیی و دەرەكیی لەسەرە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ـوە داھاتی عێراق مانگانە یەك بۆ یەك و نیو ترلیۆن دینار بوو، بەڵام مانگانە چوار ترلیۆن دیناری بۆ مووچە دەدا، ئەمەیش ھەمووی قەرز دەكرد، بۆیە گەر بەم شێوەیە نەبووایە نەیدەتوانی بەڕێوە بچێت وەك ئەوەی ھەرێمی كوردستان، بەڵام ھەرێمی كوردستان تەنھا بە داھاتی خۆی توانی سەركەوتن بەدەست بێنێت و ھەنگاونانیش بەرەو سەربەخۆیی ئابووری، سەركەوتوو بووە".

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار