٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"2 ھەزار پێشمەرگە لە دەشتی نەینەوا دەست بە مەشق دەكەن"

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- سەرپەرشتیاری لیژنەی دروستكردنی ھێزی دەشتی نەینەوا دەڵێ، ناونووسین بۆ پێكهێنانی ئەو ھێزە تەواو بووە و، بڕیارە وەكو قۆناغی یەكەم دوای جەژنی رەمەزان 2 ھەزار پێشمەرگە دەست بە مەشق و راھێنان بكەن.

(سدیق سەعدی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "رۆژی یەكشەممەی رابردوو دەست بە نانووسكردنی خەڵكی پێكھاتەكانی دەشتی نەینەوا كرا و نزیكەی 8 ھەزار كەس ھاتبوو بۆ ناونووسكردن، ئێمەیش لەوانە 5 ھەزار كەسمان نانووس كرد و لە ئێستادا نانووسكردن كۆتایی ھاتووە و دەست بە وردبینیكردن لە ناوەكاندا كراوە، بۆ ئەوەی دوای جەژن یەكەم كاروان دەست بە مەشق و راھێنان بكەن، كە ژمارەیان 2 ھەزار كەس دەبێت".
سەرپەرشتیاری لیژنەی دروستكردنی ھێزی دەشتی نەینەوا گوتیشی، "چەند مەرجێكمان ھەیە بۆ وەرگرتنی ئەو كەسانە بۆ ئەوەی لەو ھێزەدا ببنە پێشمەرگە، لەوانە خەڵكی پێكھاتەكانی دەشتی نەینەوا بن و ھیچ نەخۆشییەكیان نەبێت، هەروەها تەمەنیان لە 18 بۆ 35 ساڵ بێت و ھیچ پەیوەندییەكیان بەداعشەوە نەبێت".

(سەعدی)، ڕوونیشی كردەوە، "ئێمە لە وەرگرتنی ئەو كەسانە بۆ ئەو ھێزە، بە ھیچ شێوەیەك ئینتیمانی حیزبی لە بەرچاو ناگرین، گرینگ ئەوەیە ھیچ كێشەیەكی یاسایی نەبێت، ئەو ھێزەیش دەكرێتە دوو لیوا كە ھەر بەتالیۆنێك بۆ پێكھاتەیەك دەبێت، بۆ نموونە یەكێك بۆ شەبەك، یەكێك بۆ توركمان، یەكێك بۆ مەسیحی و یەكێك بۆ كاكەییەكان دەبێت و ھەموو پێكھاتەكان بەشداری تێدا دەكەن".

باسی لەوەیش كرد، "مەبەست لە دروستكردنی ئەو ھێزە، پارێزگاریكردنە لە خەڵكی دەشتی نەینەوا و، ھێزەكەیش سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت، هەروەها دوای ئەوەیش كە ئەو 2 ھەزار كەسە  دەستیان بە مەشق وراھێنان كرد، ئەوانەی دیكەش مەشق و ڕاھێنانیان پێ دەكرێت، ئەمەیش لە رێگەی ئەفسەرانی ئاكادیمییەوە دەبێت، بۆ ئەوەی ھێزێكی رێكخراو و نیزامی بێت".

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار