٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"باشترین رێگا بۆ دیاریكردنی چارەنووس، ریفراندۆمە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی یاسای نێودەوڵەتی رایگەیاند، دەستوور و یاسا عێراقییەكان هیچ بەربەستێكیان لە بەردەم ڕیفراندۆمدا دانەناوە و، رێككەوتننامە جیهانییەكانیش مافیان داوە بە هەر گەلێك لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی، بۆیە باشترین رێگا بۆ دیاریكردنی چارەنووسمان، ریفراندۆمە.

(د. یاسین مەحموود چۆمانی)، مامۆستای زانكۆ و شارەزای یاسای نێودەوڵەتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ریفراندۆم و دواتریش راگەیاندنی سەربەخۆیی، مافی هەر گەلێكە، چونكە بە رەچاوكردنی یاسا و رێسا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەكان، هیچ رێگرییەك نابینرێت لەم رووەوە، بە جۆرێك دەستوور و یاسا عێراقییەكانیش هیچ بەربەستێكیان دانەناوە، لە كاتێكدا رێككەوتننامە جیهانییەكانیش مافیان داوە بە هەر گەلێك لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی، چونكە ئەمە بابەتێكی یاساییە و لە چوارچێوەی پرەنسیپەكانی  دێموكراسیدا ئەنجام دەدرێت، بۆیە مافێكی سرووشتیی هەر نەتەوەیەكە پاڵپشت بەو پێوەرە نێودەوڵەتی و رێككەوتننامە و پەیماننامە جیهانیانە، چارەنووسی خۆی دیاری بكات".

ئەو شارەزایەی یاسای نێودەوڵەتی دەشڵێت: "ئەگەر بەراوردێك بكەین لە نێوان واقعی سیاسیی هەرێمی كوردستان و واقعی سیاسیی ئەو گەل و نەتەوانەی لە رێگای میكانیزمی ریفراندۆم و دیموكراسییەوە مافی سەربەخۆییان دەستەبەر كردووە، بە نموونە باشووری سوودان، تەیمووری رۆژهەڵات، مۆنتینیگرۆ، كۆسۆڤۆ و... هتد، هیچ جیاوازییەك نابینین، بەڵكوو ئەو زەمینەیەی لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، لەبارتر و گونجاوترە بۆ ئەم پرسە".

(چۆمانی) گوتیشی: "دەتوانرێ لە رێگای كودەتا و شۆڕشی چەكداری و دوور لە پرۆسەی ریفراندۆم، گەلێك بە خەونی سەربەخۆیی بگات، بەڵام ئەمانە رێگای  ناشەرعی و نادیموكراسین، بەڵكوو میكانیزمە دروست و شەرعییەكە ریفراندۆم و وەرگرتنی رای گەلە، چونكە ئەزموونی گەلانی جیهان ئەوەی سەلماندووە كە ریفراندۆم بۆ دەوڵەت و سەربەخۆیی لە لایەكەوە پرەنسیپێكی دیموكراسی و شارستانیانەیە و، لە لایەكی ترەوە ئەنجامی ئەرێنی هەبووە و بووەتە مایەی كۆتاییهێنان و چارەكردنی ململانێ مێژووییە خوێناوییەكان، كەواتە ریفراندۆم وەك ئامرازێك بۆ چارەكردنی كێشە نەتەوایەتییەكان لە رابردوودا تاقی كراوەتەوە و سەركەوتوو بووە، لە لایەكی ترەوە بە حوكمی شەرعیبوون و دیموكراسیبوونی پرۆسەكە، هیچ هێزێكی دیموكراسیی كاریگەر لە جیهاندا ناتوانێت دژی خواست و داوای رەوای گەلێك بوەستێتەوە كە یاسا و رێسا پێی بەخشیبێت، بەڵام لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە كە ئێمە ریفراندۆم بۆ دروستكردنی دەوڵەت دەكەین و دەوڵەتیش بۆ گەل و خەڵكە، هەروەك فەلسەفەی گرێبەستی كۆمەڵایەتیی دەوڵەت، بە گرێبەستێكی كۆمەڵایەتیی نێوان خەڵك و دەسەڵات دەچوێنرێت، بۆیە دەبێت گەل شەرعییەت بەو گرێبەستە بدات لە چوارچیوەی پرۆسەیەكی دێموكراسیدا".

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار