٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئومێد خۆشناو: هۆكاری پەكخستنی پەرلەمان، بزووتنەوەی گۆڕانە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان ڕایدەگەیێنێت، هۆكاری پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان، خودی بزووتنەوەی گۆڕانە نەك یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم كە ئەو بزووتنەوەیە باسی دەكات.

(ئومێد خۆشناو)، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ماوەیەكە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان قسەی بێبنەما دەكەن و هەروەها لە بەیاننامەكەیشیاندا باس لەوە دەكەن گوایە هۆكاری پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە، بە دڵنیاییەوە ئەوە دوورە لە ڕاستی و بزووتنەوەی گۆڕان بوونە هۆكاری لەباربردنی تەوافووقی نیشتیمانیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان و، هیچ رێگرییەكیان لێ نەكراوە، 23ـی حوزەیران كردیانە هەڵا و هیچ وەڵامێكیان وەرنەگرتەوە و رێگرییشیان لێ نەكرا، 19ـی ئابیشی بەسەردا هات كە رووداوێكی مێژووییە و بە شایەتیی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و نوێنەری بەریتانیا و یوئێن و تەواوی حیزب و لایەنە سیاسییەكان گەییشتنە ئەو رێككەوتنەی كە كۆبوونەوەی پەرلەمان چەند رۆژێك دوا بخرێت، كەچی 19 ـی ئابیش هات دیسان رێگرییان لێ نەكرا و بگرە رێگری لە (یووسف محەممەد)ـیش نەكرا بگەڕێتەوە پەرلەمان ."

سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد راشیگەیاند، "كاتێك پەنایان برد بۆ هێرشكردنە سەر بارەگاكانی ئێمە و شەهیدكردنی كادیرانی ئێمە، تەنانەت منداڵیش تێیدا شەهید كرا و ئەو كارانەیان ئەنجام دا، هەڵبەت ویستیان ئەو پشێوییە بگوازنەوە بۆ ناوچەكانی دیكە بە تایبەت بۆ هەولێری پایتەخت و لەوێیشەوە پەرلەمان بەكار بێنن بۆ دروستبوونی پشێوی، ئەو كات پێیان گوترا ستۆپ و رێگایان پێ نەدرا بێنە ناو پەرلەمانی كوردستان، بۆیە هۆكاری لەكاركەوتنی پەرلەمانی كوردستان بە پلەی یەكەم بزووتنەوەی گۆڕان تێیدا بەرپرسیارە و ئەوان بوونە هۆكاری ئەوەی پەرلەمان بەو دۆخە گەییشت، نەك بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان".

 

نەشوانبەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار