٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کوردانی فەیلی بەپەرۆشن بۆ بەشداریکردن لە ڕیفراندۆمدا"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، دوای دەرچوونی بڕیاری ڕیفراندۆم، کوردانی فەیلی لە بەغدا و ناوچەکانی مەندەلی و ناوچەکانی دیکە زۆر دڵخۆشن و بەپەرۆشن بۆ بەشداریکردن لەو پرۆسەیەدا و جگە لەوەش ئەو عەرەبانەی ھەڵوێستیان نیشتمانییە پشتگیری لە گەلی کورد دەکەن و ڕیفراندۆم بە مافی ئەوان دەزانن.

کارگێڕی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، (ئیسماعیل سایەمیر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ئەوەی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا، لە ٢٥/٩/٢٠١٧دا ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت، ئەم بڕیارە کوردانی بەغدا، بەتایبەت فەیلییەکانی زۆر دڵخۆش کردووە و ھەست دەکەن کورد دەگات بە ئاواتی خۆی، کە ئەویش سەربەخۆییی کوردستانە، بەڵام داواش دەکەن لە دوای سەربەخۆبوونی ھەرێمی کوردستان، چارەنووسی ئەوانیش یەکلایی بکرێتەوە، بەتایبەت ناوچە فەیلینشینەکانی وەکو مەندەلی و عەممارە.''

(ئیسماعیل سایەمیر) گوتی: ''کوردانی فەیلی زۆر بەپەرۆشن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا و پشتگیریی لێ دەکەن و بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆیان دەدەن، چونکە ئەمە خەونی ھەموو تاکێکی کوردە لە ھەر کوێیەکی جیھان بێت.''

(سایەمیر) ڕوونیشی کردەوە،: ''لە بەغدا ئەو عەرەبانەی ھەڵوێستیان نیشتمانی و نەتەوەییە پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکەن و بە مافی گەلی کوردی دەزانن، ئەوانەی شۆڤێنیشن دژایەتیی دەکەن، بەڵام زۆرینەیان پشتگیری لە ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان دەکەن.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار