١١٤ خێزانی کەمداهاتی سلێمانی و ٤٠٠ خێزانی زومار هاوکاری کران، ١٣ مۆلیدە گەیەندرایە چیای شنگال

هەولێر-KDP.info- لە سێ چالاکیی جیادا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوکارییەکانی گەیاندە کەمداهاتانی سلێمانی و ئاوارەکانی شارەدێی زوممار و چیای شنگال.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی هەڵمەتی هاوکارییەکانی بەبۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە، چالاکییەکی خێرخوازیی لە شاری سلێمانی بەڕێوە برد، کە تیایدا ١١٤ خێزانی کەمداهات سودمەند بوون.
١٢/٦/٢٠١٧ لە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی چالاکیی خێرخوازی لە گەرمیان، بەبۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پارسێلی خۆراکیان بۆ ١١٤ خێزانی کەمدەرامت لە شاری سلێمانی دابین کرد.
١٣ مۆلیدە بۆ ئاوارەکان لە چیای شنگال دابین کرا
١٢/٦/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوەکانی GIZی ئەڵمانیایی و SP و کلێسای سویسرایی، ١٣ مۆلیدەیان بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ ئاوارەکانی ناوچەی سەردەشتی چیای شنگال دابین کرد.
جێگای ئاماژەیە کەمپی ئاوارەکان لە چیای شەنگال لە ماوەی رۆژێکدا دە سەعات کارەبایان هەیە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەمەبەستی باشترکردنی رەوشی ژیانیان لە کەمپەکانیاندا، بە هاوکاری رێکخراوە هاوبەشەکانی مۆلیدەی کارەبای بۆیان دابین کردووە.
٤٠٠ خێزانی شارەدێی زوممار هاوکاری کران
لە درێژەی کاروچالاکییەکانی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)دا ١٣/٦/٢٠١٧ بە هەماهەنگیی رێکخراوی unicef پێداویستیی خاوێنکەرەوە بۆ ٤٠٠ خێزانی گوندی مەقسودی شارەدێی زوممار دابەش کرا.
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام لە ناوچە جیاجیاکاندا هاوکاریی ئاوارە و پەنابەران و کەسانی کەمداهات دەکەن، هەروەها بەمەستی رێگریکردن لە ئاوارەبوونی دانیشتوانی ناوچە تازە ئازادبووەکان، پێداویستیی جۆراوجۆر بۆ ئەو ناوچانە دابین دەکەن.






