مەھدی موبارەک: ڕاپرسی سەدانھەزار دۆنم زەوی بۆ کەرکووکییەکان دەگێڕێتەوە

کەرکووک-KDP.info- بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک دەڵێ، بە ئەنجامدانی ڕاپرسی، کێشەی زەویی کشتوکاڵی لە کەرکووک چار دەکرێت.
(مەھدی موبارەک) بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەگەر پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم جارێک سوودی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەبێت، چەندان جار بۆ ئێمەی کەرکووکی سوودی ھەیە، چونکە چەندین کێشەی ھەڵپەسێردراو لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم ھەن و بەو ڕیفڕاندۆمە چار دەکرێن؛ یەکێک لەوانە پرسی زەویوزارە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کە چەندین ساڵە بە ھۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، ڕژێمی بەعس سەدانھەزار دۆنم زەویی ھاووڵاتیانی کورد و تورکمانی خستووەتە سەر ناوی عەرەبی ھاوردە.''
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چەندان ساڵە چاوەڕێی حکوومەتی عێراقن کێشەکانیان چارە بکات، کەچی ڕۆژ بە ڕۆژ کێشەکان گەورەتر دەبن و چارەش ناکرێن و گوتی، "تەنانەت ھەندێک بڕیار ھەیە، حکوومەتی ئێستای بەغدا خۆی دەریکردووە و جێبەجێی ناکات، ئەوەش ھەمووی لە پێناو ئەوەی زەویی کورد نەگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان و ئێمە بە یەکجاری نائومێد بووینە لەوەی کە عێراق مادەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق جێبەجێ بکات.''
(مەھدی موبارەک) هاوکات گوتی: ''ئێمە خۆشحاڵ بووین، کە کوردستان بڕیاری دا ڕیفڕاندۆم لە کەرکووکیش بکرێت و ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەندرێت، کێشەی جووتیاران و ھاووڵاتییانی کەرکووک چار دەکرێت و ھەرچی بڕیاری سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ تەعریب دەرکراوە، ھەڵیدەوەشێنینەوە و ھەموو ھەوڵێک دەدەین بە یاسا زەویی زەوتکرای کورد بگەڕێنینەوە و نەھێڵین جارێکی دیکە ئەو غەدرەمان لێ بکرێت.''
قائید میرۆ




