٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یوئێن ھاوشێوەی عێراق نوێنەرێکی تایبەتی بۆ هەڵبژاردنەکان لە هەرێمدا دیاری کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێکی  ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرێکی یوئێن، ھاوشێوەی عێراق تایبەت بە ھەڵبژاردنەکان بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری کرا و لەبارەی ڕیفراندۆمیشەوە ھەڵوێستی ئەوان بێلایەن بوو.

ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان، (د. جووتیار عادل) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ وەکو کۆمیسیۆن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەولێر کۆبووینەوە و تێیدا گفتوگۆمان دەربارەی چەند خاڵێک کرد و ئەوان ئامادەییان دەربڕی کە ھاوکاریی کۆمیسیۆن بکەن، وەکو دەزگایەی پیشەیی و لە ڕووی لۆجستی و تەکنیکییەوە ھاوکار دەبن.''

(د. جووتیار عادل) گوتیشی: ''پێشتر سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکان تەنیا نوێنەرێکیان لە عێراق ھەبوو، ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرێکی تایبەتیان بۆ ھەرێمی کوردستانیش داناوە، کە ئەمەش ھەنگاوێکی ئیجابییە.''

(عادل) ڕوونی کردەوە: ''جگە لەوەش ئامادەییان دەربڕی ھەر پێویستییەکمان ھەبێت بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان ھاوکاریمان بکەن.''

دەربارەی ڕیفراندۆم، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران گوتی: ''ھەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان بێلایەنی بوو.''

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار