زانایانی ئایینی: بەشداریكردن لە ڕیفراندۆمدا، ئەركێكی ئایینی و نەتەوەییە

سۆران-KDP.info- لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە لقی سۆرانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بەڕێوە چوو، زانایانی ئایینی پشتگیریی خۆیان بۆ پرۆسەی ریفراندۆم دەربڕی.
(وەیسی سەعید)، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لە كۆبوونەوەیەكدا لە لقی سۆرانی یەكێتیی زانایان، كە بە ئامادەبوونی (عەلی عەونی) بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوە چوو، زانایانی ئاینیی پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ پرۆسەی ریفراندۆم دەربڕی و، بەشداریكردنی هاووڵاتیانی كوردستانیان لە پرۆسەی ریفراندۆمدا، بە ئەركێكی ئایینی و نەتەوەیی دانا، تا لە رێگەی راپرسییەوە ئاییندەی خۆمان دیاری بكەین و بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین، بۆ ئەوەی وەك هەموو گەلانی دنیا ببینە خاوەن دەوڵەت و كیانی خۆمان، چونكە بە تێڕوانینی زانایانی ئایینی، گەلی كوردیش مافی خۆیەتی وەك گەلانی دنیا خاوەنی دەوڵەت بێت و، بڕیاردانیشیان بۆ سەربەخۆیی، بە دیارترین ئەو ماف و ئازادییە دانا كە ئایینی ئیسلام بە هەموو تاكێكی بەخشیوە".
وەك بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران ڕوونی كردەوە، "لە بەشێكی تری دانیشتنەكەدا، زانایانی ئایینی داوایان لە لایەنە سیاسییەكان كرد كە لە ئاست هەستیاریی قۆناغەكەدا بن و هەوڵی سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم بدەن، كە پرسێكی گشتگیرە و پەیوەستە بە داهاتوو و چارەنووسی هەموو خەڵكی كوردستانەوە، لە هەمان كاتیشدا داوایان كرد پاڵپشتی هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی) بن بۆ هێنانەدیی خەونی دێرینی كوردان، چونكە هیچ بژاردەیەكی دیكەمان لە بەردەمدا نییە، بۆیەیش هەر سازش و كەمتەرخەمێك لە هەمبەر پرسی ریفراندۆم، جا بە هەر بیانوو و مەبەستێك بێ، لە روانگەی ئیسلامەوە گوناح و تاوانێكی گەورەیە".
لای خۆیەوە، (عەلی عەونی) بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، وێڕای دەست خۆشی لەم هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەی زانایانی ئایینیی سنوورەكە، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی، بە سەركەوتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان دانا كە ئاواتی شەهیدە سەربەرزەكان و پێشمەرگە قارەمانەكانە.
(عەونی) هەروەها داوایشی لە ئامادەبووان كرد، هەروەك چۆن لە رابردوودا رۆڵی دیاریان هەبووە لە هەموو بابەتە گرینگ و هەستیارەكاندا، لە سەرخستنی ئەم پرسە چارەنووسازەیشدا هەمان رۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن، تا هەمووان لە هێنانەدیی ئامانجی سەرەكیی شۆڕش و ڕاپەرینەكانی كورد بەشدار بن.
رابین شێروانی




