"ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکان ناوی نوێنەری خۆیان بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دەنێرن"
_-_Copy__2017_06_12_h19m10s54__HK.jpg)
(مونا قەهوەچی)، سەرۆكی لیستی پێشكەوتووی چاكسازیی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''ئێمە، وەك توركمانەكان پێشوەختە نوێنەری خۆمان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری كردبوو، لە كاتی تەواوبوونی هەموو ئەندامانی كۆمیتەكەشدا، ئێمە ناوی كاندیدی خۆمان ئاشكرا دەكەین.''
(مونا قەهوەچی) گوتیشی: ''لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوە ڕێك كەوتن، كە تا 12ی مانگ، كە دەكاتە ئەمڕۆ، هەموو لایەنەكان نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بكەن، بۆیە پێویستە ئەمڕۆ هەموو لایەنەكان نوێنەری خۆیان بۆ ئەو كۆمیتەیە دیاری بكەن، چونكە ڕیفراندۆم پرسێكی نیشتمانی و هەمەلایەنەیە و دەبێ هەموو خەڵكی كورد و لایەنەكان خەمخۆریی ئەو پرسە بكەن، چونكە ئەوە داهاتووی كوردستان دیاری دەكات.''
(باپیر كامەلا)، سكرتێری گشتیی پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''پێش ئەوەی كۆبوونەوەی 7/ 6 لە نێوان سەرۆكی هەرێم و لایەنەكاندا بكرێت، ئێمە، نوێنەری خۆمان دیاری كردبوو، ئەوەش دوای ئەوەی هات، كە لیژنەیەكی هاوبەش لە پارتی و یەكێتی سەردانی لایەنەكانی كرد بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دوای ئەو سەردانە داوا لە لایەنەكانی ناو حكوومەت و پەرلەمان كرا، كە نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەكە دیاری بكەن، ئێمەش هەر ئەو كاتە نوێنەری خۆمان دەستنیشان كردبوو، ئەوەش پێش كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و لایەنەكان بوو، لەو ڕۆژەشدا تەئكید كرایەوە، كە لایەنەكان نوێنەری خۆیان دیاری بكەن.''
(باپیر كامەلا) ڕوونیشی كردەوە: ''مادام لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا، هەموو لایەنەكان نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم ڕەوانە بكەن، پێویستە لایەنەكان نوێنەری خۆیان دیاری بكەن، ڕەنگە لایەن هەبێت ڕێك نەکەوێت لەسەر ئەوەی كە كێ نوێنەریان بێت، بەڵام پێویستە وەڵام بدەنەوە.''
ڕابین شێروانی




