هاووڵاتییانی شەبەک و مەسیحی و ئێزدی: ڕیفراندۆم دەشتی نەینەوا دەکاتە پارێزگایەکی ئارام
_-_Copy__2017_06_12_h18m58s22__HK.jpg)
دەشتی نەینەوا-KDP.info- پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا، کوردانی ئێزدی و شەبەک و، مەسیحی، پاڵپشتی لە ڕیفراندۆم دەکەن و چاوەڕوانی ٢٥ی ئەیلوولی ئەم ساڵن بۆ ئەوەی بە ''بەڵێ'' دەنگ بە ڕیفراندۆم بدەن و دەڵێن، ڕیفراندۆم کیشەکانی ئەو دەشتە چارە دەکات.
(یوحەنا ئەلداخ)، هاووڵاتییەکی مەسیحیی ناوچەی باتنایی سەر بە قەزای تلکێفە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''هەموومان چاوەڕێی ئەو ڕۆژەین، کە بە ''بەڵێ'' دەنگ بدەین بۆ ئەوەی ئارامی بگەڕێتەوە بۆ ناوچە مەسیحینشینەکان، چونکە مەسیحییەکان، کوردستان بە پاراستووترین شوێنی خۆیان دادەنێن و کاتێ ناوچەکانمان داگیر کران، ئەگەر کوردستان نەبوایە، ئەوە کارەساتیکی دیکە بوو، بۆیە هێچ جێیەکمان نییە جگە لە کوردستان.''
(ئیسماعیل میرزا)، هاووڵاتییەکی کوردی ئێزدیی خەلکی گوندی خەتارێیە و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێزدییان زیاتر لە هەموو پێکهاتە و کەمە نەتەوەییەکان بە گەرمی پێشوازی لە ڕیفراندۆم دەکەن، چونکە ئێزدییان زیاتر لە هەموو پێکهاتەکان و کەمە نەتەوەکان قوربانییان داوە، بۆیە ئێزدییان زۆریش چاوەڕوانن تا بە ''بەڵێ'' دەنگ بۆ ڕیفراندۆم بدەن و زۆربەی ناوچە ئێزدییەکان دەکەونە ئەم دەشتەوە.''
سەبارەت بەم پرسە، (عیسا عەلاوی)، هاووڵاتییەکی کوردی شەبەک لە ناوچەی باشیک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''ئێمە زۆر ئازارمان چێشتووە و ئامادەین بە گیانی خۆمان بە ''بەڵێ'' دەنگ بدەین، بۆ ئەوەی جاریکی دیکە ناوچەکانمان ئاوەدان ببنەوە و دەشتی نەینەوا بکرێتە پارێزگایەکی ئارامی سەر بە هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە گیانمان دەپارێزیت و تا ئێستاش هیچ جارێک حکوومەتی عێراق هاوکاریی نەکردووین.''
کاروان باعەدری




