٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەسوكاری شەهیدان داوا دەکەن بە بەڵێ دەنگ بۆ ڕیفراندۆم بدرێت

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info-  كەسوكاری شەهیدان داوا لە خەڵكی كوردستان و حزب و لایەنەكان دەكەن، بۆ ئەوەی ڕۆحی شەهیدان ئاسوودە بێت و خوێنی شەهیدان بە فیرۆ نەچێت، بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆیان بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن.

( نازم موكسی)، كە باوكی شەهید بووە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئەگەر هەموو دنیا هی من بێت، ناكاتە یەك پەنجەی باوكم، بەڵام باوكم لە پێناو پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستاندا شەهید بوو، بە شەهیدبوونی ئەویش سەربڵندین، چونكە ئەو لەسەر پیرۆزترین ڕێباز شەهید بوو، ئێستا كە دەبینین خەونی شەهیدان خەریكە دێتە دی، داوا لە هەمووان دەكەم بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆیان بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن، چونكە بە سەربەخۆیی كەس ناتوانێت هێز بنێرێتە سەرمان، بەڵكو دەتوانین بە ئاسوودەیی بژین.''

(خەدیجە محەمەد)، كوڕێكی شەهید بووە و سێ كوڕی دیكەیشی لە بەرامبەر دوژمندا سەنگەریان گرتووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی كوردستان گیانی شەهیدەكانمان ئاسوودە دەكات، چونكە شەهیدبوونی كوڕەكەم و هەموو ئەوانی دیكە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییی كوردستاندا بووە، بۆیە لەبەر خاتری شەهیدان و جەرگی سووتاوی دایكان داوا لە هەموو تاكێكی كورد دەكەم، كە خۆی بە كورد دەزانێت، ڕۆژی 25/ 9 ڕوو لە سندووقەكان بكات و بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆی بە سەربەخۆییی كوردستان بدات.''

(عەبدوڵڵا حاجی)، كە دوو كوڕی لە پێناو خاكی پیرۆزی كوردستاندا شەهید بوونە و خۆیشی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''بۆ ماوەی سەدەیەكە كورد خەبات دەكات و خەباتی ئێمەش هەر بۆ سەربەخۆییی كوردستان بووە، چونكە دەمانزانی ڕۆژێك دێت بەرهەمی خەبات و قوربانیی خۆمان دەبینین، ڕاستە جەرگم سووتاوە و دوو كوڕم شەهید بوونە، بەڵام ئەوانە لە پێناو خاكی كوردستاندا شەهید بوونە،  شەهیدبوونی ئەوان و هەزاران ڕۆڵەی دیكە بووە هۆی ئەوەی كە ئێستا ئێمە بە ئاسوودەیی بژین، بۆ ئەوەی زیاتر ئاسوودە بین و بە مافە ڕەواكانی خۆمان بگەین، داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان، بە هەموو ئایین و نەتەوەكانەوە دەكەم، بە ''بەڵێ'' دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن.''

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار