٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیرەک کەمال: بەهێزترین ڕێ بۆ گەیشتن بە چارەنووسی خۆمان ڕیفراندۆمە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە پرسی ڕیفراندۆم پرسێکی گرینگە و چارەنووسی گەلی کوردستانی لەسەر بنیاد نراوە و دەشڵێت، لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەو بارەیەوە قسە دەکرێت.

(زیرەک کەمال) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ بەغدا قسە دەکەین و گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەکرێت، چونکە دەمانەوێت هەڵوێستی فەرمیی بەغداش لەو بارەیەوە بزانین، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کراوە دژی هیچ گەل و هیچ پێکهاتەیەک نییە، مافێکی سروشتیی گەلی کوردستانە، کە دەیەوێت لەو ڕێیەوە و لە چوارچێوەی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڕیاری خۆی بدات، بۆیە گرینگە خەڵکی کوردستان هۆشیار بن، کە ئەمە بەهێزترین ڕێیە بۆ ئەوەی بتوانرێت چارەنووسی خۆمان دیار بکەین.''

(زیرەک کەمال) گوتیشی: ''کارێکی زۆر باشە ئەگەر پێش ڕیفراندۆم پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ڕێککەوتنی حزبەکان بکرێت، بۆ ئەمە دەبێ هەوڵەکان لەسەر ڕیفراندۆم جددیتر بکرێن و گفتوگۆکان فراوانتر بکرێن، چونکە دەبێ بیر لەوەش بکەینەوە، کە کات لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە، ئێستا جۆرێک لە کۆدەنگی و پشتیوانی لەسەر دۆزی کورد هەیە، ناکرێت ئەمە لەدەست بدرێت و دەبێ هەوڵەکان بەو ئاراستەیەدا بێت و زۆرترین خەڵک بەشدار بن و زۆرترین پشتیوانی بۆ ڕیفراندۆم دەستەبەر بکرێت.''

کارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار