ئیسپانیا پەرە بە پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات

هەولێر-KDP.info- (خوان جوسێ نیسکوبەر) باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق ڕایگەیاند، کە یەکەمجارە دێتە هەرێمی کوردستان و ئێستا بە چاوی خۆی ڕاستییەکانی بینیوە، بەهۆی گرینگیی پێگەی هەرێمی کوردستانیشەوە پەیوەندییەکانیان پتەوتر دەکەن.
وڵاتی ئیسپانیا کۆنسووڵی فەخریی لە هەولێر هەیە و، وەک باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق دەڵێت، لە پاش ئەوەی هاتووەتە هەرێمی کوردستان و واقیع و پێشکەوتنی هەرێمەکەی بە چاوی خۆی بینیوە، دیپلۆماتکارێکی تایبەت دەنێرنە هەرێمی کوردستان.
ئەم قسانەی (خوان جوسێ) لە چوارچێوەی ئەو دیدارەدا بوو کە لەگەڵ بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی (سەرۆک بارزانی)، کردنی.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠١٧/٦/،١٢ (هێمن هەورامی) بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ (خوان جوسێ نیسکوبەر) باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق و (دانیا لوسادا) جێگری باڵیۆز و (ئینیسی کابریوو) نوێنەری فەرمیی ئیسپانیا لە هەولێر، کۆ بووەوە.
(هێمن هەورامی) خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم جۆرە پەیوەندییانە لەگەڵ وڵاتێکی وەکو ئیسپانیا خستە بەر باس و، باسی لە دواپەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و، تیشکی خستە سەر پرسی ڕاپرسی و مەبەستی سیاسیانە و نیشتیمانیانەی دوای ئەنجامدانی ڕاپرسی و لەوبارەوە بۆ باڵوێزی ئیسپانیای ڕوون کردەوە، "ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆییە لە کوردستانی عێراق، ئەم بڕیارەی هەرێمی کوردستانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەزموونەی کە لە سەردەمە جیاوازەکانی ڕابردوودا لەگەڵ عێراق هەمانبووە، بەتایبەتی لە ١٤ ساڵی ڕابردوودا حکوومەتەکانی عێراق ئەوەیان بۆ سەلماندین کە هاوبەشی و تەوافوقەکان تەنها بۆ پێکهێنانی حکوومەتەکان بووە و، بە هیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستانیان وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە بڕیاری سیاسی و ئابووری و سەربازیدا نەزانیوە. ئەمە وایکردووە کە هەرێمی کوردستن بڕیاری ڕیفراندۆم بدات، سەرەرای ئەوەی کە مافێکی لەبننەهاتووی خۆمانە و لە دیتگا سیاسی و یاساییەکەشەوە ئازادین مومارەسەی ئەم مافە بنچینییەیە بکەن."
لای خۆیەوە (خوان جوسێ) خۆشحاڵیی خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی نیشان دا و ڕایگەیاند، "یەکەمجارە دێمە هەرێمی کوردستان و ئەو ڕاستیانە ببێنم، کە هەست بە گرینگیی پێگەی ئەم هەرێمە بکەم، بۆیە بە گرینگی دەزانین لەپاڵ ئەو کۆنسووڵە فەخرییەی کە هەمانە لە هەرێمی کوردستان، دیپلۆماتکارێکی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندن ڕەوشەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان دەنێرینە هەولێر.




