٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی ٣: پارتی هەموو هەوڵێک دەدا یەکهەڵوێستیی گشتی بۆ ڕاپرسی بێنێتە ئاراوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  - بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک بەپێویستی دەزانێ وەک چۆن شەقامی کوردستانی لەبارەی بەشداریکردن لە راپرسی یەکھەڵوێستە، لایەنە سیاسییەکانیش وەها بن. چاودێرێکی سیاسییش باوەڕی وایە، ئەو ھێزانەی لە کۆبوونەوەی حەوتی حوزەیرانیشدا بەشدار نەبوون، ڕۆژی ڕاپرسی، دەنگ بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەدەن.

ڕاپرسی مافێکی سرووشتیی ھەموو گەلانی جیھانە لەنێویاندا خەڵکی کوردستان، سەرکردایەتیی سیاسیی باشووری کوردستان بڕیاری داوە ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات، ٢٥/٩ـی ئەمساڵیشی بۆ ئەم بڕیارە جارەنووسسازەی گەل دیاری کردووە بە ناوچە کوردستانییەکانی کە ناوچەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ناسراون.

بەرپرسی لقی ٣ـی پارتی لە کەرکووک لەبارەی بەشداریی خەڵکی لەو ناوچانەدا دەڵێ، "بەپێی ئەو رێککەوتننامانەی لەنێوان ھەرێم و بەغدادا ھەیە، ئەو ناوچانەی بە ناوچەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دادەنرێن، بەشێک بوون لە ھەرێمی کوردستان. کە دەگەڕێینەوە بۆ رێککەوتننامەی ١١ئازاری ساڵی ١٩٧٠، ئەمە بە ڕوونی دەردەکەوێت، حکوومەتی عێراقیش ھەمان رای ھەیە و داوای ئیدارەی ھاوبەش دەکات و لە دەستووری عێراق  لە ماددەی١٤٠، ئەمە دیارە و لە قانوونی ئیدارەی کاتیی ساڵی ٢٠٠٣ تاوەکو ٢٠٠٥ لە ماددەی ٥٨ـدا ئەمەی باس کردووە، بۆیە ھەموو ئەمانە بەڵگەی یاسایین کە ئەم ناوچانە کوردستانین، بۆیە کە ریفراندۆم دەکرێت ھەموو ناوچە کوردستانییەکان دەگرێتەوە."

(د.بوخاری عەبدوڵڵا)ـی مامۆستای زانکۆیش جەخت دەکاتەوە لەوەی، خەڵکی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان ھیچ گومانیان لەسەر نییە، کە دەنگ بە سەربەخۆییی کوردستان دەدەن، ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت "چەندین ساڵە خەبات بۆ ئەو ڕۆژە مەزنە دەکەن، ئەوەی ھەندێک جێی گومانە بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمن، کە بە ھەڵە لە پرسەکە گەیشتوون، ئەویش ھەموویان نا، بەشێکیان، پێویستە کورد ھەوڵ بدات تێگەیشتن دروست بکات و پێیان بڵێن ئەگەر دەنگ بۆ ڕیفڕاندۆم بدەن، دواڕۆژی ئەوانیش زامن دەبێت.''

بەرپرسی لقی ٣ـی پارتی لە کەرکووک وێڕای ئاماژەی لەوەی کە شەقامی کوردی یەکھەڵوێستە و داوای ڕاپرسی دەکات، بەڵام کاریگەریی گرفتی نێوان لایەنەکانی کوردستان ناشارێتەوە، هەر بۆیە دەخوازێ ئەوانیش وەکو ھاووڵاتیان لەسەر ئەو پرسە چارەنووسسازە یەکدەنگ و یەکھەڵویست بن.



هەرچی (بوخاری عەبدوڵڵا)ـی مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسییە دەڵێ، چونکە پڕۆسەی ڕاپرسی پرسێکی نیشتمانییە، ئەو لایەنانەی ڕۆژی حەوتی حوزەیرانیش لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکاندا بەشدار نەبوون، ڕۆژی راپرسی دەچنە سەر سندووقەکان و بە ''بەڵێ'' دەنگ بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەدەن، ئەو گوتی "سەرەڕای ئەوەی ئەو خەڵک و لایەنەکان تێبینی و بۆچوونی جیاوازیشیان ھەبێت، ناکرێ دەنگ بە سەربەخۆیی نەدرێت، بۆیە من پێم وایە ڕیفڕاندۆم لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت، خەڵکیش دەنگ دەدات.''


ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەیشی دا کە لەوانەیە ھەندێ کەس ھەبن لە ھەرێمی کوردستان دەنگ نەدەن بە سەربەخۆیی، یان بەشداری لە پڕۆسەکەدا نەکەن و وەک ئەو دەڵێ، "باری سیاسی و ئابووری هۆکاری دڵگرانیی خەڵک لە ھەندێ پرس، بەڵام ئەو بەھانەیەش ئەوە ناگەیەنێت پڕۆسەکە بەڕێوە ناچێت، یان خەڵک دژی سەربەخۆیین.''

ئەم ئەگەری بەشدارینەکردنی خەڵكیک لە ڕاپرسییە چارەنووسسازەکە و نیگەرانیی هەندێ، لە کۆبوونەوەی دوێنێ یەکشەممەی پ د ک باس کراوە و لەمبارەوە (د. محەممەد خورشید) گوتی "لە کۆبوونەوەی دوێنێدا زۆر بە ڕوونی باسی ئەو لایەنانە کراوە کە بەشداری ناکەن، لەبەرئەوە پارتی ھەموو ھەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ھەموو لایەنەکان بەشدار بن، بۆ ئەوەی یەکھەڵوێستی لەبارەی پرۆسەی ڕاپرسییەوە هەبێ کە ئەرکێکی نەتەوەیی نیشتیمانییە."

قاید میرۆ- بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار