٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رەجایی فاید: ئەنجامی ڕاپرسیی کوردستان هێز دەداتە دەستەڵات

سەرچاوە: KDP.info

 

قاهیرە-KDP.info-  لێکۆڵەر و مامۆستایانی زانکۆکانی میسر دەڵێن، بڕیاردان لە مافی چارەنووس لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە، بە هەنگاوێکی بوێر و یەکلاکەرەوە دەبینن و باوەڕیان وایە، ئەنجامەکەی هێز دەداتە دەستەڵات بۆ ئەوەی بە هێزەوە گفتوگۆ بکات و ئامانجەکە بەدی بێنێت.

(رەجایی فاید) سەرۆکی سەنتەری میسری بۆ لێکۆڵینەوە و توژینەوەی کوردی لە قاهیرە دەڵێ، بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ مافی چارەنووسی هەر میللەتێکە و، بۆیە لەگەڵ ئەو مافەی میللەتی کوردیشە.
ئەو کە پێوەندیی توکمەی لەگەڵ کورددا هەیە و ئاشنایە بە مێژوو و خەباتەکەی، باوەڕی وایە، "ئاکامی ئەو راپرسییەی بڕیارە لە ٢٥/٩ـی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، ئاشکرایە و لەگەڵ ئاکامی ئەو راپرسییەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی رێکیان‌خست و ئاکامەکەی ٩٨.٨٨٪ بوو هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت و، ئاکامی راپرسی ئایندەش بەهەمان شێوە دەبێت، بەڵام راپرسیی پێشوو فەرمی نەبوو، راپرسی داهاتوو بە فەرمی و لە ژێر چاودێریی ناوخۆ و هەرێمی و نێوەدەوڵەتی دەبێت."

حزبە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆک بوون لە دیاریکردنی ٢٥/٩/٢٠١٧ وەک ڕۆژی بڕیاردان لە مافی چارەنووس.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە هەریمی کوردستان ڕاسپێردراوە تا ئامادەکاری بکات بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ڕاپرسییە.
هەر لەوبارەوە (رەجایی فاید) گوتی، "راپرسی هەنگاوێکە ئەگەری رێگایەکی دوورودرێژ و لە ئاکامدا دەولەتی کوردستان و ئاڵاکەی و سرودی نیشتمانیی ئەی رەقیب، کە ئاکامی ئەم راپرسییە، هێز دەداتە دەستەڵات بۆ ئەوەی بە هێزەوە گفتوگۆ بکات و ئامانجەکە بەدی بێنێت، کە مییللەت رایسپاردووە ئەویش سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەولەتە، بۆیە لێرەدا من بە گرینگ و ئەرکی دەزانم کەوا شەقامی کوردی ئاگادار بکرێتەوە کە ئاکامی ئەم راپرسییە هەنگاوێکە و چەندین هەنگاوی تری لە دوایدایە، کە دەبێ پشتیوانی سەرکردایەتیەکەی بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکە، هیوادارم ئەو دەولەتە نوێیە ببێتە وڵاتێکی دۆست و کە پێوەندیی برایانەمان لە نێوانداهەیە، ئەو دەولەتە ببێتە پاڵپشت نەک نەیار."

هەرپێوەست بە پرسی راپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان، (دکتۆر مەحموود زاید) مامۆستای زانکۆ لە میسر گوتی: "من لەلای خۆمەوە وایدەبینم هەڵبژاردنی ئەیلوول گونجاوە، گرینگ پرۆسەکەیە بە شێوازێکی پیرۆز بەرێوە بچێت و پشتگیریی وڵاتانی لەگەڵدا بێت، بۆ ئەوەی پێگەیەکی بەهێز بێت بەرەو ئامانجە مەزنەکە."
بەڵام هەرچی (دکتۆر جەمال شەقرە)ی مامۆستای زانکۆیە، راپرسی بە هەنگاوێکی بوێر ناو دەبات و دەڵێ، "هەنگاو و بڕیارێکی بوێرانەیە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان داویەتی."
 

ئامادەکردنی/ راگەیاندنی مەکتەبی پ د ک لە قاهیرە

هەواڵی پەیوەندیدار