بە هۆی پەکەکەوە نیزیکەی ٢٠ کەس لە شنگال تیرۆر کراون
_-_Copy__2017_06_11_h18m13s5__HK.jpg)
شنگال-KDP.info- تەرمی پێشمەرگەیەکی دیکە بە کوژراوی لە شنگال دۆزراوەتەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی قەزای شنگالیش دەڵێت، بە ھۆی بوونی ھێزی پەکەکە و نائارامی لە شنگال نیزیکەی ٢٠ کەس تیرۆر کراون.
(مەیسەر حەجی ساڵح)، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە ھۆی بوونی پەکەکە لە شنگال و ململانێی سیاسی تا ئێستا ناوچەکە ئارام نییە و خەڵکیش ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، چونکە تا ئێستا نیزیکەی ٢٠ کەس بە شێوەی جیاجیا لە سنووری شنگال تیرۆر کراون و ئێستاش تەرمی پێشمەرگەیەک لە گەڕەکی نەسر لە شنگال دۆزراوەتەوە، کە چوار پێنج ڕۆژێک پێشتر ون ببوو، بەڵام کەس نازانێ چۆن کوژراوە و کێ تیرۆری کردووە.''
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی قەزای شنگال ڕوونیشی کردەوە: ''بۆ ئەوەی ئارامی بۆ شنگال بگەڕێتەوە، پێویستە ئەو ھێزانە لە شنگال نەمێنن و تەنیا پێشمەرگە ئەو ناوچانە بپارێزێت و پارێزگارییان لێ بکات، چونکە خەڵکی شنگال جگە لە ھێزی پێشمەرگە ڕێ بە ھیچ ھێزێک نادەن، کە بیانپارێزێت و بڕواشیان بە ھیچ ھێزێکی دیکە نییە.''
بڵند ئیبراھیم




