"٥ هەزار کەسی دی دەکرێنە پێشمەرگە؛ دەشتی نەینەوا دەپارێزن"

دەشتی نەینەوا-KDP.info- ئەمڕۆ لە سەربازگەی دووبەردان لە سنووری ناحیەی باشیک ناونووسین بۆ دروستکردنی هێزێکی پێنج ھەزار کەسیی پێشمەرگە بۆ پاراستنی دەشتی نەینەوا دەستی پێ کرد و بە ھەزار کەس بۆ ناونووسین سەردانی ئەو سەربازگەیان کرد.
(شێخ محیەدین مزووری)، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ڕەزامەندیی (سەرۆک بارزانی) بۆ دروستکردنی ھێزێکی پێنج ھەزار کەسیی پێشمەرگە لە پێکھاتەکانی مووسڵ بۆ پاراستنی دەشتی نەینەوا، ئەمڕۆ لە سەربازگەی دووبەردان لە ناحیەی باشیک ناونووسین دەستی پێ کرد و خەڵکێکی زۆر بۆ ناونووسین سەردانی ئەو سەربازگەیەیان کرد.''
(شێخ محیەدین مزووری) گوتیشی: ''پێویستە ئەوکەسانەی ناوی خۆیان دەنووسن، دەستیان لەگەڵ داعش نەبێت و تەمەنیشیان لە ٣٥ ساڵ گەورەتر نەبێت و ڕابردوویان پاک بێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند لیژنەیەک دروست کراون.''
لای خۆیەوە نوێنەری کۆتای شەبەک لە پەرلەمانی عێراق، (مەلا سالم شەبەک) ڕایگەیاند: ''ئەمڕۆ دوای دەستپێکردنی ناونووسین بۆ دروستکردنی ئەو ھێزە، بە ھەزار گەنج لە پێکھاتە جیاجیاکانی مووسڵ ڕوویان لەو سەربازگەیە کرد و ناوی خۆیان تۆمار کرد، کە ئەمەش جێی دڵخۆشییە.''
بڵند ئیبراھیم




