٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ جەعفەر: لە سنووری دیالە، عەرەبەكانیش بە "بەڵێ" دەنگ بۆ ریفراندۆم دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

 

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی ناوچەكە و سەرۆكھۆزە عەرەبەكان، سەردانیان كردوون و داوای گەڕانەوەی ناوچەكانیان بۆ سەر ھەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە جگە لە كورد، عەرەبەكانیش بەشداری لە ریفراندۆمدا دەكەن و بە "بەڵێ" دەنگ دەدەن.

(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن سەركردایەتیی كوردستانەوە، كاردانەوەی زۆر باشی لە سنووری خانەقین، جەلەولا و دیالە ھەبووە و، كورد و عەرەبیش دڵخۆشیی خۆیان بەو بڕیارە دەربڕیوە و داوا دەكەن بەشدار بن و ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی كوردستان".

(شێخ مستەفا) گوتیشی، "ماوەیەك پێش ئێستا ژمارەیەك لە سەرۆكھۆزی حەوزی حەمرین و ناوچەكە سەردانی ئێمەیان كرد و، 8 ھەزار واژۆیشیان كۆ كردبووەوە و داوایان كرد كە ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی كوردستان، بۆیە دڵنیام لە سنووری دیالە لە ریفراندۆمدا دەنگێكی زۆر باشی عەرەب بەدەست دەھێنین، ئەمە جگە لەوەی كورد ھەمووان بە "بەڵێ" دەنگ بۆ ریفراندۆم دەدەن".

بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، "لە ناوچەی مەندەلی و ناوچەكانی دیكەیش كە كوردی فەیلییان لێیە، لەوێش خەڵك زۆر بەپەرۆشە بۆ بەشداریكردن لە ریفراندۆمدا، بەڵام كێشەیەك ھەیە و لە ئێستادا كورد لەو ناوچەیە ھەندێك كەمی كردووە".

زیاتر گوتی، "ھەر یەكە لە ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی مەندەلی، خانەقین، جەلەولا و سەعدییە سەردانی ئێمەیان كرد و داوایان كرد وەكو كەركووك بگەڕێندرێنەوە سەر ھەرێمی كوردستان، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی لە سنووری دیالە ریفراندۆم سەركەوتن بەدەست دێنێت و، كورد و عەرەبیش دەنگ بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ھەرێمی كوردستان دەدەن".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار