٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بنكەی لالش: بە هەموو توانایەكمان كار بۆ پشتیوانیكردن و سەرخستنی ریفراندۆم دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

 

لالش-KDP.info- دەستەی باڵای بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی "لالش" ڕایدەگەیێنێت، "ڕاپرسیی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، هەنگاوێكی ئازایانەیە، بۆیە بە هەموو توانایەكمان كار بۆ پشتیوانیكردن و سەرخستنی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستاندا دەكەین".

لە ڕاگەییێنراوێكی بنكەی "لالش"ـدا، كە وێنەیەكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، هاتووە، "پاش ئەو هەموو قوربانیدانەی گەلی ئێمە پێشكەشی كرد كە پێنووس ناتوانێ گوزارشت لەو هەموو زیانانە بكات لەسەر ئاستی مرۆڤایەتی و ئابووری و ژینگەیی و، خاپووركردنی هەزاران گوند و تاوانی ئەنفال وكیمیاباران، ئێستا لە رۆژی ئازادیی یەكجارەكی نزیك بووینەتەوە، بۆیە بە گرینگییەكی زۆرەوە دەڕوانینە هەنگاوەكانی سەركردایەتیی كوردستان بەرەو ڕاپرسی بۆ دیاریكردنی چارەنووسی كوردستان، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەكانیش، بەڵام هەست دەكەین هیچ شتێك نابێتە رێگر لە بەردەم ویست و خواستی ئەو گەلەی كە تینووی ئازادی و ڕزگاربوون لە ژێردەستییە و، رۆژی 25ـی ئەیلوولی ئەمساڵیش ئەو رۆژەیە كە بە دەیان ساڵە چاوەڕێین تا لە ژێر ستەم و زوڵم و ناحەقی رزگار بین".

دەستەی باڵای بنكەی لالش ئاماژەی داوه، "وەكو گەلی كورد كە زۆر چاوەڕێی ئەو ڕۆژەمان كرد، وەكو كوردانی ئێزدییش كە لەو دەڤەرە بریندارەین زۆربەی ناوچەكەمان‌ بە خوێن و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكان ئازاد كراوە، لێرەوە وەكو بنكەی لالش بە تەواوی كادیرانمان و بە هەموو توانایەكمان كار بۆ پشتیوانیكردن و سەرخستنی ریفراندۆم دەكەین و، دەخوازین هەموو خەڵكی كوردستان بە "بەڵێ" دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن".

لە ڕاگەیێنراوەكەدا ڕوونیش كراوەتەوە، "پێویستە هەنگاوی سەربەخۆیی باڵاتر بێت لە هەموو ناكۆكییەكانی نێوان پارتە سیاسییەكان و، ڕاپرسی دەرفەتێك بێت بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی نێو ماڵی كورد، چونكە ئازادیی گەلی ئێمە و سەربەخۆیی، لە سەرووی هەموو ناكۆكییەكانەوەیە، (سەرۆك بارزانی)ـیش لە چەندین دانیشتن و بۆنەدا دووپاتی كردووەتەوە كە بڕیاری ئێزدیان لە دەستی خۆیانە و خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری دەكەن، ئێستایش دیاریكردنی چارەنووسی خۆمان لە دەستی خۆماندایە و پێویستە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە چارەنووسسازەدا بكەین".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار