حزبەكانی باكوور پاڵپشتیی ریفراندۆم دەكەن.. سەربەخۆیی باشوور هیوایه بۆ پارچەكانی دیكەیش

باكووری كوردستان-KDP.info- دوای ئەوەی رۆژی ٢٥ـی ئەیلوولی ئەمساڵ وەك وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری كرا، حزبەكانی باكووری كوردستان خۆشحاڵی و پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆسەكە دەربڕی و جەختیان كردەوە كە، سەربەخۆیی باشووری كوردستان، دەرفەتێكە بۆ سەربەخۆیی پارچەكانی دیكەیش.
(سەدەت دۆغان)، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئازادی لە باكووری كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند، "ئاواتەخوازین ریفراندۆمی ٢٥ـی ئەیلوولی باشووری كوردستان، ببێتە هۆكاری سەربەخۆیی تەواوی پارچەكانی دیكەی كوردستان، لە ئێستایشدا دەرفەتێك هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی پارچەیەكی كوردستان سەربەخۆ بن و بە ئازادانە بژین، بۆیە پێویستە كوردانی باشووری كوردستان بە "بەڵێ" بەشداری لە ڕیفراندۆمدا بكەن، تا بۆ تەواوی گەلانی جیهانی بسەلمێنن كە خەڵكی كوردستان مافی ژیان و دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە و خاوەنی ئیرادەن".
(محەممەد ئەمین كارداش)، سەرۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی كورد- توركیا(PDK-T) ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستاندا دەكەین، كوردیش وەك هەموو گەلانی دونیا مافی ئەوەی هەیە سەربەخۆ بێت و ئازادانە لەسەر خاكی خۆیدا بژیت، بە بڕوای منیش، سەربەخۆیی كوردستان لە بەرژەوەندیی رۆژهەڵاتی ناوین و تەواوی گەلانی دونیادایە، ئەگەر بمانەوێت ئاشتی و ئاساییش لە رۆژهەڵاتی ناویندا جێگیر بێت و میللەتان چیدیكە ژێردەست نەبن، پێویستە كوردستان سەربەخۆ بێت، بۆیە داوا لە سەرجەم كوردستانیان دەكەین پشتگیریی ئەنجامدانی ریفراندۆمی باشووری كوردستان بكەن".
(سینان چیفتیۆرەك)، سەرۆكی پارتی ئازادی و سۆشیالیزمی باكووری كوردستان (OSP) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "كوردستان وڵاتە و كوردیش نەتەوەیە، لەبەر ئەوە، وەك هەر نەتەوەیەك مافی گەلی كوردە كە دەوڵەتی خۆی ڕابگەیێنێت، ئێمەیش سەربەخۆییی باشووری كوردستان بە هەنگاوێكی دیرۆكی دەبینین و پشتگیریی دەكەین، كە بێگومان دەرفەتێكە بۆ ئەوەی پارچەكانی دیكەیش سەربەخۆ بن".
(بایرام بۆزیەل)، جێگری سەرۆكی حزبی سۆشیالیستی كوردستان لە باكوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "دیاریكردنی وادەی ریفراندۆم بۆ باشووری كوردستان، بۆ هەموو كوردستانییەك جێگای شانازییە و، دەرفەتێكە بۆ ئەوەی پارچەكانی دیكەی كوردستانی گەورە سەربەخۆ بن، بۆیە بە هەموو باوەڕێكەوە پشتگیریی دەكەین".
(ئادەم گەڤەرێ)، پەرلەمانتاری "هەدەپە" لە پەرلەمانی توركیا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند، "ئێمە وەك بەشێكی كوردستان، پشتگیریی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی باشووری كوردستان دەكەین، بۆ ئەوەی گەلی ئێمەیش بە مافە ڕەواكانی بگات، هیواداریشین سەربەخۆییی باشوور، چانسێك بۆ سەربەخۆییی هەر چوار پارچەی كوردستان بێت".
كاروان باعەدری




