برۆ: ئەمەریکامان لە کردەوە و پێشێلکارییەکانی پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاگادار کردەوە

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا گوتی، لە ڕێی کونسووڵی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان، ئەوانمان لە کردەوە و پێشێلکارییەکانی پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاگادار کردەوە و بڕیارە ئەویش ئەوانەی باسمان کرد، ڕەوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای بکات.
سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، (ئیبراھیم برۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە زنجیرەیەک سەردانمان بۆ لای کونسووڵی وڵاتان دەست پێ کردووە و تا ئێستا سەردانی کونسووڵی ئەمەریکامان کردووە و بڕیارە ڕۆژی دووشەممە سەردانی کونسووڵی فەرەنساش بکەین، مەبەست لەو سەردانانەش بۆ ئەوەیە کە ئەوان لە کردەوە و پێشێلکارییەکانی پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاگادار بکەینەوە.''
(ئیبراھیم برۆ) گوتی: ''ئێمە ئەمەریکامان ئاگادار کردەوە کە بوونی ئەوان لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر بووە و بەهۆی ئەو ھاوکارییەی ئەوان پێشکەش بە پەیەدەی دەکەن، پەیەدەش کردەوەی زیاتر دژی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا کار دەکات، بۆیە پێویستە فشار لە پەیەدە بکەن و ئاگاداریان بکەنەوە، کە ئەو کارەی ئەوان دەیکەن کارێکی خراپە، چونکە توندوتیژیی بەرامبەر ئێمە بەکار دێنن و سەرکردەکانی ئێمە لە زینداندان و ڕێ بە چاڵاکیی ئێمە نادرێت و ڕێ نادەن بگەڕێینەوە ڕۆژئاوای کوردستان.''
(ئیبراھیم برۆ) ئاماژەی بەوە دا: ''کونسووڵی ئەمەریکاش باسی لەوە کرد، کە ئێمە لەو کارانە نیگەرانین و ئەو کردەوانەی ئەوان زۆر خراپە و، گوتی، ئەوانەی ئێمە دەربارەی کردەوەکانی پەیەدە بۆمان باسکردن ڕەوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای دەکەن و لێی ئاگادار دەکەنەوە، بۆ ئەوەی کاری پێویست ئەنجام بدەن.''
(برۆ) ڕوونیشی کردەوە: ''سەردانی کونسووڵخانەکانی دیکەش دەکەین و بەردەوام دەبین لە خەباتی مەدەنیی خۆمان، بۆ ئەوەی ئەوانیش ئاگادار بن لە کردەوەکانی پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان.''
بڵند ئیبراھیم




