٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەڵماس فازڵ: بە ڕیفڕاندۆم کەرکووک دەگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، بڕیاری لایەنە کوردستانییەکان بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفڕاندۆم لە کەرکووک بە بڕیاری خۆیان دەزانن و دەڵێت: ''بڕیارێک ھێزە کوردستانییەکان دەریبکات و بۆ گەڕانەوەی کەرکووک بێت، بە دڵنیایەوە ئێمە دەنگی بۆ دەدەین و سەریش دەکەوێت.''

(ئەلماس فازڵ)، بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و لیستی برایەتی پێشوازی لەو بڕیارەی پارت و لایەنە کوردستانییەکان دەکەن، کە دوێنێ لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھێزە کوردستانییەکاندا بڕیار دراوە ڕیفڕاندۆم ناوچە کوردستانییەکانی سنووری مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و پارێزگای کەرکووکیش بگرێتەوە. بڕیارێک لە لایەن ھێزە کوردستانییەکانەوە دەربچێت، بڕیاری ئێمەشە، چونکە ئێمە وەک کەرکووک، خۆمان بە بەشێک لە ھەرێمی کوردستان دەزانین و بە بەڵێ دەنگ دەدەین و دەبێ پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم پارێزگای کەرکووک و ھەموو ناوچە کوردستانییەکان بگرێتەوە.''

بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: ''لەدوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقەوە ھەوڵمان داوە کەرکووک بگەڕێنینەوە سەر ھەرێمی کوردستان و هەر لەو ڕۆژەشەوە ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە شاری کەرکووک و ناوچەکانی سنووری پارێزگاکە ھەڵکراوە و بەردەوام لە ھەوڵدا بووینە، کە کەرکووک بگەڕێنینەوە سەر ھەرێمی کوردستان.''

(ئەلماس فازڵ) گوتیشی: ''ئێمە پێمان وایە مادام پێشمەرگە پارێزگاری لە کەرکووک دەکات، ھەر گەڕاوەتە سەر ھەرێمی کوردستان، تەنیا لە ڕووی یاسایییەوە ھەندێ کێشەی ماوە، وەک گەڕاندنەوەی خورماتوو و کفری بۆ سەر پارێزگای کەرکووک و ڕەوانەکردنەوەی عەرەبە ھاوردەکان، بەڵام بە بەڕێوەبردنی ڕیفڕاندۆم، ئەوەش چارە دەکرێت و خەڵکی کەرکووک بە ئیدارەوە دەنگ بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەدەن.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار