ئێزدییەکان بۆ رۆژی ریفراندۆم ئامادەن
__2017_06_08_h16m7s56__HK.jpg)
شنگال- KDP.info – خەڵکی شنگال کۆبوونەوەکەی دوێنێ، ٧/٦/٢٠١٧ی حزبە کوردستانییەکان و بڕیاردان لە ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧، وەک وادەی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، بە دەستکەوتێکی گرینگ و مێژوویی وەسف دەکەن.
(خەلەف دەرویش)، ئاوارەیەکی ئێزدی، کە خەڵکی خانەسۆری سەر بە قەزای شنگالە و ئێستا لە چیای شنگال دەژی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەو بڕیارەی کە دوێنی لە لایەن حزبە کوردستانییەکانەوە درا، بە دەستکەوتێکی گرینگ وەسف دەکەین، چونکە بڕیاریان داوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێمش لە ڕیفراندۆمدا بەشدار بن، ئەمەش بەتایبەتی بۆ کوردانی ئێزدی زۆر گرینگە، بۆ ئەوەی ئێزدییان لە باوەشی کوردستاندا پارێزراوتر بن و ئێمەیش بۆ رۆژی ریفراندۆم ئامادەین.''
هاوکات (باسیما ئێزدین)، کچێکی کوردی ئێزدیی خەڵکی شنگال، کە لە کەمپی باعەدریی سەر بە قەزای شێخان ئاکنجییە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە ڕیفراندۆمدا هەموومان بە (بەڵێ) دەنگ دەدەین، ئەمەش مانای نەمانی کارەساتە بەسەر کوردانی ئێزدیدا، چونکە چی دیکە ناوچەکانمان بە هەڵواسراوی نامێننەوە و دەگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان و شنگال وەک پارێزگا دەگەڕێتەوە سەر هەرێم و هەموومان چاوەڕێی ئەو ڕۆژە مێژووییەین بۆیە بۆ رۆژی ریفراندۆم ئامادەین.''
سەبارەت بەم پرسە (خەلەف عەلی)، قوتابیی زانکۆ و خەڵکی قەزای شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خەڵکی ئێزدی کۆمەڵکوژ نەکرێت و کارەسات و نەخۆشییان بەسەردا نەیات، پێویستە هەموو کوردانی ئێزدی بە (بەڵێ) دەنگ بدەن، ئەمەش بە مانای گرەنتیکردنی دووبارەنەبوونەوەی کارەساتە بەسەر ئێزدییاندا، ئێزدییانیش بە پەرۆشەوە چارەوەڕێی ئەم بڕیارە گرینگەن، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.''
کاروان باعەدری




