یادی ٣٢ ساڵەی بۆردومانی ئۆردووگای زێوە كرایەوە

سۆران-KDP.info- لە سۆران، یادی ٣٢ ساڵەی بۆردومانی ئۆردووگای زێوەی كردەوە، یادەكەش بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حكوومی و كەسوكاری شەهیدان بەڕێوەچوو.
(ئەشقی مەلا)، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئەمڕۆ لەژێر چاودێریی (عەلی عەونی)، بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حكوومی و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، لە ڕیوڕەسمێكی شایستەدا یادی ٣٢ ساڵەی بۆردومانكردنی ئۆردووگای زێوە كرایەوە.''
(ئەشقی مەلا) گوتی: ''لەو یادكردنەوەیەدا چەندین وتار خوێندرانەوە، دواتر پێشانگایەكی تایبەت بە وێنە و دیكۆمێنتەكانی شەهیدان و قوربانییانی بۆردومانەكە كرایەوە و یادەكە بەرز ڕاگیرا.''
(ئەشقی مەلا) ڕوونیشی كردەوە: ''زۆرێك لەو شەهیدانەی بە شەهیدی هاووڵاتی لەو بۆردومانەدا تۆمار كراون، تەمەنیان لە سەرووی ١٨ ساڵییەوەیە و، بڕیارمان داوە ئەو شەهیدانە، بە شەهیدی سەنگەر تۆمار بكەین.''
شایانی باسە، لە ٩/ ٦/ ١٩٨٥دا، ٨ فڕۆكەی جەنگیی ڕژێمی لەناوچووی بەعس ئۆردووگای پەنابەرانی كوردیان لە زێوە بۆردومان كرد، ڕژێمی بەعس لەو هێرشە ئاسمانییەدا بۆمبی قەدەغەكراوی ناپاڵمی لە دژی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانە بەكارهێنا، كە لەو ئۆردووگایەدا نیشتەجێ بوون، لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٥٠ هاووڵاتیی بێتاوان شەهید بوون و زیاتر لە ٣٧٥ هاووڵاتیی دیكەش بریندار بوون و سەدان خانووی ئۆردووگاكەش لەگەڵ زەوی تەخت بوون.''
ڕابین شێروانی




