باپیر کامەلا: ھەرێم بڕیار لەئایندەی خۆی دەدات.. پشگیری باشی نێودەوڵەتی ھەیە

ههولێر-KDP.info- سکرتێری پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان دهڵێت، بڕیاردان بۆ ریفراندۆم پێویستیەکی مێژووی گەلی کوردە و لەئێستادا پشگیریەکی باشی نێودەوڵەتی ھەیە و لە١٠٠ساڵی رابردووشدا كورد پشتگیری وای نەبووە، بۆیە دژایەتی ریفراندۆم ناکەن.
(باپیر کامەلا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "ئێمە پشتیوانی لەئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکەین، چونکە ئەمە ویستێکی حیزبی و شەخسی نییە و ھی ھەمووگەلی کوردستانە و پێویستیەکی مێژووی گەلی کوردە، لە حکوومەتی نوێی عێراقیش مافی کورد جێبەجێنەکرا كه بەپێی دیباجەی دەستووری عێراقیش ئەگەر دەستوور جێبەجێنەکرێت ھەموو گەلێک مافی خۆیەتی بڕیار لەچارەنووسی خۆی بدات، بۆیە کە ڕێگری لەمافی كورد کراوە ئێستا بڕیار لەچارەنووسی خۆی دەدات.
(کامەلا) گوتیشی، "لایەنی نێودەوڵەتی نایەت سەربەخۆییمان بۆ بکات، بەڵام لەبەرژەوەندی ئەوان نییە دژایەتی ڕیفراندۆمی ھەرێم بکەن و ھیچ کاتێکیش لە١٠٠ساڵی رابردوودا پشتگیری نێودەوڵەتی بەوشێوە بۆ کورد نەبووە و كێشەی کوردستانیش بەوشێوەیە بەنێودەوڵەتی نەبووە، گەشبینیشم بەوەی دژایەتی ناکرێت و وڵاتانی ھەرێمیش بەکێشەکانی خۆیان سەرقاڵن و ناپڕژێنە سەر دژایەتی ھەرێم، بۆیە ھەرێم بڕیار لەئایندەی خۆی دەدات.
سکرتێری پارتی کرێکاران و ڕەنجدەران دهشڵێ، گرنگە ئێمە لەناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش یەکریز بین وپرسی ڕیفراندۆم لەپێش ھەموو پرسێک بێت و ببێتە زامنی دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد.
بڵند ئیبراھیم




