٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بزووتنەوەی ئیسلامی: كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، بناغەی دەوڵەتی كوردستانى دانا

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.inf- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، كۆبوونەوەیەكی مێژوویی و چارەنووسساز بوو و، تێیدا بەردی بناغەی دەوڵەتی كوردستان دانرا. دەشڵێت، بڕیار درا ئەو حزب و لایەنانەی ئەندامیان بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم رەوانە نەكردووە، تا 12ـی مانگ ئەندامەكانیان بۆ ئەو كۆمیتەیە بنێرن.

(عەبدوڵڵا وەرتی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، كۆبوونەوەیەكی مێژوویی و چارەنووسساز بوو، بە ئامادەبوونی زۆربەی زۆری حزب و لایەنە سیاسییەكان كە تیێدا بڕیارێكی چارەنووسساز درا، ئەویش ریفراندۆم بوو بۆ پرسی سەربەخۆیی، لە هەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، دیارە ئەوە هەنگاوێكی زۆر گرینگ بوو، هەنگاوێكی مێژوویی و دڵخۆشكەر بوو، چونكە ساڵەهای ساڵە گەلی كوردستان قوربانی دەدات لە پێناو سەربەخۆیی و وەرگرتنی مافی چارەی خۆنووسین، دیارە لەو كۆبوونەوەیەدا بە بەشداریی لایەنەكان و كۆمیسیۆن بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی درا، كە كۆمیسیۆنیش ئامادەیی خۆی دەربڕی، بۆیە بەردی بناغەی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و ڕزگاربوونی گەلی كوردستان بە یەكجارەكی، دانرا".

(وەرتی) گوتیشی: "لە كۆبوونەكەدا ئاماژە بە پێكهێنانی 3 لیژنە كرا، ئەو لیژنانە سەردانی لایەنەكان و وڵاتانی دەوروبەر و جیهان دەكەن، بۆ ئەوەی زەمینە خۆش بكەن و پشتگیریی نێودەوڵەتی بە دەست بهێنن، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، هەروەها بڕیار درا ئەو كۆمیتەیەی كە پێك هێنراوە، ئەو حزب و لایەنانەی ئەندامیان بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم رەوانە نەكردووە، تا 12ـی مانگ ئەندامەكانیان بۆ ئەو كۆمیتەیە ڕەوانە بكەن".

 

رابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار