٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەرەفات کەرەم، دەنگۆی ڕێککەوتنیان لەگەڵ عەبادی لەبارەی بودجەوە ڕەت دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info-  سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەوان وەک فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەنگیان بە یاسای بودجە نەداوە، چونکە لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانیان نەزانیوە. گوتیشی، ئەوانەی لە دادگا سکاڵایان تۆمار کردووە، ھیچ ئەنجامێکی نابێت چونکە بۆ موزایەدەی سیاسییە.

(د.عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند " قەناعەتمان بە یاسای بودجەی عێراق نەبوو و دەمانزانی لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا نییە و ئەوانەی دەنگیان پێدا بۆ موزایەدەی سیاسی بوو، هەڵبەت دەرکەوت پەسەندکردن و پەسەندنەکردنی وەکو یەک بوو، بەڵام گەر ئێمەی کورد دەنگمان پێنەدابوایە و یەکھەڵوێست بواینایە باشتر بوو، ئەوکات لە دادگایش دەبووە پرسێکی نەتەوەیی، بەڵام بەداخەوە بۆئەوەی خۆیان بکەنە پاڵەوان دەنگیان پێدا؛ وا نیوەی ساڵ تێپەڕ بووە ئەنجامی سکاڵاکەیان لە دادگا ھیچ نابێت، چونکە ناتواندرێت پەسەند بکرێت و ھیچ رێککەوتنێکیشی لەسەر ناکرێت."

ئەم ئەم لێدوانەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی ئەو دەنگۆیانەیە کە باس لەوە دەکەن پارتی و سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنیان ھەیە بۆ جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە.
(کەرەم) لەسەر ئەو باوەڕەیە، ئەو کێشانەی ئێستا ھەن تا ھەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچن بەردەوام دەبن، بۆیە ئەوکات ئەو ھەڵبژاردنە یەکلاکەرەوە دەبن، ئەو دەڵێ "چونکە ئەگەر (مالیکی) پڕۆژەی خۆی ھەبێت کە زۆرینەی سیاسی دەبێت، ئێمە بەبێ دوودڵی بەشداری ناکەین، لەبەر ئەوەی ئەوکات عێراق ھەمووی پارچە پارچە دەبێت، لەبەر ئەوەی ئێمە سوننە و کوردی (مالیکی)ـمان ھەیە و ئەوانیش بەیەکەوە بۆ خۆیان حکوومەتی زۆرینە دروست دەکەن."
(د.عەرەفات کەرەم) جەخت دەکاتەوە لەوەی، پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا نییە بۆ جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە، چونکە ئەگەر رێککەوتن بکرێت لەنێوان ھەردوو حکوومەتدا دەکرێت، نەک حیزب و فراکسیۆنەکان، بۆیە ئەوەی دەگوترێت دوورە لە راستییەوە.

بڵند ئیبراھیم 
 

هەواڵی پەیوەندیدار