قادر حەسەن: پێویستە کوردانی ئێزدی ئاگاداری ئەو پیلانە بن کە دژی ناوچەکەیان بەڕێوە دەچێت
_-_Copy__2017_06_06_h17m39s4__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- (قادر حەسەن) چاودێری سەربازی پێی وایە ئەوەی ئێستا لە شنگال و ناوچە کوردستانییەکان دەگوزەرێت، پیلانێکە لە لایەن نەیارانی ھەرێمی کوردستانەوە ئامادە کراوە و بانگی کوردانی ئێزدیی کرد، ئاگاداربن لەو پیلانەی دژی ناوچەی ئێزدی جێبەجێ دەکرێت و بەپێچەوانەوە کارەساتی لێ دروست دەبێت.
(قادر حەسەن)، چاودێری سەربازی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێویستە کوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوربەری لەو پیلانە ئاگار بن، کە دژی ناوچەکانیان بەڕێوە دەچێت و نەبنە بەشێک لەو پیلانە و، ئەگەر زۆر بە ھەستیاری مامەڵە نەکەن، بەرەنگاری زیانی گەورە دەبنەوە. کارەساتی شنگال بۆ ھەموو کوردستان کارەساتێکی دڵتەزێن و گەورە بوو، بەڵام ئەوەی قوربانیی داوە لەپێناو ڕزگارکردنی شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش و توانی ھەندێک قەرەبووی کوردانی ئێزدی بکاتەوە و گورزی کوشندە لە تیرۆریستانی داعش بدات، تەنیا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی کوردستان بوون، نەک خەڵکی دیکە؛ فیداکاریی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک بارزانی) نەبوایە، بە زەحمەت ناوچەکانیان ئازاد دەکرایەوە، بۆیە دەبێ کوردانی ئێزدی ئەوە باش بزانن، کە کێ خەمخۆری سەرەکیی ئێزدییانە و کێ بە ئەسڵ دڵسۆزی ئەوانە.''
ئەو چاودێرە سەربازییە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ماڵی ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردانی ئێزدی ھەرێمی کوردستانە و کەس وەک خەڵکی کوردستان و (سەرۆک بارزانی) پشتیوان و خەمخۆری کوردانی ئێزدی نییە و نەبووە، بە کردەوەش ئەوە سەلمێندراوە، مخابن پیلانێک دژی ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەتایبەت لە ناوچەی شنگال سیناریۆیەک بەڕێوە دەچێت، کە زیاتر بۆ ئەوەیە نەیارەکانی کورد دەیانەوێت لەوێوە کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست بکەن.''
(قادر حەسەن) گۆتیشی: ''ئەو پیلانەی ئێستا جێبەجێ دەکرێت بۆ دژایەتیکردنی بەرنامە و پلانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستانەوەیە، ئەوەش زیاتر دوژمنانی کوردستانی ھەراسان کردووە و پیلان دژی ھەرێمی کوردستان دەگێڕن، جێی داخیشە پەکەکە و ھەندێ ھێزی دیکەی ئێزدی بە ناوی ھێزی سەربەخۆ یا ھەر ناوێکی دیکەوە بوونەتە بەشێک لەو پیلانە و دەبێ کوردانی ئێزدی لەوە زۆر ئاگادار بن، کە جگە لە ھێزی پێشمەرگە، ھەر ھێزێکی دیکە، ھەر ناوێکی لە خۆی نابێت، بەشێکە لەو پیلانە.''
قائید میرۆ




