محەمەدنەزیف قادری: کورد زۆر ڕێی لەگەڵ بەغدا تاقی کردەوە بەڵام سوودی نەبوو؛ ڕیفراندۆم تاکە چارەیە
__2017_06_06_h16m7s7__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، (محەمەدنەزیف قادری) ئاماژە بەوە دەکات، کە گەلی کوردستان لە لێواری بڕیارداندایە و ئەوانیش بە هەموو شێوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پشتیوانییان لێ دەکەن.
(محەمەدنەزیف قادری)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەوە چەند ساڵە هەرێمی کوردستان هەموو ڕێگاکانی لەگەڵ عێراق تاقی کردەوە، بەڵام دیارە سوودی نەبووە، لە بەغداشەوە بوودجەی کوردستان بڕا و تا ڕادەیەک ئەو شەراکەتەی باسیان دەکرد، نەیانهێنایەدی، ئیستاش پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵ ماوە، کە ئەویش لەوە دەچێت لە ماوەیەکی کەمدا کۆتایی بە داعش لە مووسڵ بێنێت، دوای ئەوە ڕەنگە سەرکردایەتیی باشووری کوردستان بڕیاری خۆی دابێت و ئێمە وەک حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێز لە هەرچەشنە بڕیارێک دەگرین، کە لە لایەن خەڵکی باشووری کوردستانەوە بدرێت و پشتیوانی لە هەنگاوەکانیان دەکەین، چونکە ئێستا پرسی ڕیفراندۆم تاکە وەرەقەیەکی یاسایی و بەهێزە کە بتوانرێت لە جیهانی دەرەوەش کاری لەسەر بکرێت، هاوکات دەبێ سەرجەم پرسەکان بە شێوەیەکی لۆژیکی و بەرفراوان بکرێن، تا بە ئەنجام بگەن.''
(قادری) گوتیشی: ''سەرکەوتنی باشووری کوردستان بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان گرینگە، چونکە خەباتی پێکەوەیی و زۆر خاڵی هاوبەشمان ماوە و دەبێ تەواویان بکەین، هەرچەندە ئێمە لە نێو حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کۆبوونەوەی فراوانمان لەو بارەیەوە نەکردووە، کە بۆچوونی هەموو لایەنەکان وەربگرین، بەڵام وەک حزبی دیموکرات پشتیوانی لە باشووری کوردستان و بڕیارەکانی دەکەین.''




