ئیدریس ڕەمەزان: گرێبەستی رۆسنەفت و كوردستان، دەریچەیەكە بۆ كەمكردنەوەی قەیرانی دارایی

ھەولێر-KDP.info- مامۆستای زانكۆ (ئیدریس ڕەمەزان) دەڵێ، گرێبەستی كۆمپانیای رۆسنەفت لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا، ھۆكارێكە بۆ بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری كوردستان و باشتركردنی باروگوزەرانی ھاونیشتیمانیان، كە تا ڕادەیەك قەیرانی دارایی كەم دەكاتەوە.
مامۆستای زانكۆ لە بەشی ئابووری (ئیدریس ڕەمەزان)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "گرێبەستی كۆمپانیای رۆسنەفت لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا، دەبێتە ھۆكارێكی سەرەكی بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی كوردستان بنیات بنرێتەوە، بەو مەرجەی ٣ ملیار دۆلار پێشەكی بدرێـت بە ھەرێمی كوردستان، بۆیە ئەگەر ئەو بڕەپارەیە بە شێوەیەكی شەفاف وەگەڕ بخرێت، ئەو كاریگەریانەی بە ھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە تووشی ھەرێمی كوردستان بوون، كەم دەبنەوە یاخود نامێنن، لە ھەمان كاتدا ژێرخانی ئابووریی پێ بنیات دەنرێتەوە، ئەمەیش دەرفەتێكە بۆ ھەرێمی كوردستان، چونكە ھەتا ئێستا ھەر لە قەیراندا دەژیت و ھیچ دەرەچەیەك نەبوو كە ئەم جۆرە قەیرانە چارە بكرێت، بەڵام بوونی ئەم گرێبەستە، وا دەكات كە ھەرێمی كوردستان بتوانێت سەرچاوەی داھات بۆ خۆی دیاری بكات و زیاتر سەرچاوەی وزەكەی كە نەوتە، پێی زیاد بكات بە حوكمی ئەوەی كەوا لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٧ مەزەندە دەكرێـت هەناردەكە بگاتە ملیۆنێك بەرمیل لە ڕۆژێكدا، ئەمانە ھەموو هۆكارێكن بۆ بووژانەوەی بازاڕ و باشكردنی گوزەرانی ھاونیشتیمانیان".
(رەمەزان) گوتیشی، "ھەر جۆرە ڕێككەوتنێك دەكرێـت، لەسەر ئاستی ھەرێم ھەندێك لایەن لەسەر پارتی و یەكێتی حیسابی دەكەن، بۆ نموونە ئەو ڕێككەوتنە ھەندێك لایەن وای بۆ دەچن پارتی و یەكێتی بە ڕێككەوتنی پێشوەختە واژۆیان كردووە و تەنیا لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان كردوویانە و قازانجەكەی بۆ دوو حیزبەكە دەبێـت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی كراوە، بە ناوی ھەرێمی كوردستانەوە كراوە و داھاتەكەی بۆ خەڵكی كوردستان دەگەڕێتەوە. لە ھەمان كاتدا گرنگترین ڕێككەوتنە كە ھەم لە ڕووی ڕامیاری و ھەم لە ڕووی ئابوورییشەوە، بایەخی زۆری بۆ ھەرێمی كوردستان هەیە".
فایزە كۆیی




