٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نیڤاڵ ساڵح سەلیم: ئەوەی پەكەكە دەیكات وەكو كارتێكی سەرئاوكەوتوو وایە پاش چەند ساڵێكی تر بزر دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  (نیڤاڵ ساڵح سەلیم) سیاسەتمەدار و ئەندامی لێژنەی ئیدارەی پێشووی رێكخستنەكانی ئافرەتانی پەكەكە لە ئەورووپا ده‌ڵێ، پێمان سەیر بوو وا بە ئاسانی سەركردەكانی قەندیل دەستبەرداری دروشمە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بوون و خوێنی ئەو هەموو شەهیدەیان لەبیر كرد. هه‌روه‌ها جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ''پەكەكە ناچاری ئەو عەمالەتەی ئێستای بووە و رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر كەوتە ژێر باری ئەو بەكرێگیراوییە و كار و بەرنامەی خۆی دوور لە ستراتیژییەتی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە به‌ ئه‌جێندای ده‌ره‌كی بەستۆتەوە.

ئه‌و سیاسەتمەدار و ئەندامه‌ی لێژنەی ئیدارەی پێشووی رێكخستنەكانی ئافرەتانی پەكەكە لە ئەورووپا له‌ دیمانه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ژماره‌ (١١٢٥)ی گۆڤاری گوڵان، هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، ''لە ساڵی 2004 لەكاتی ئەنجامدانی كۆنگرە لە شاخ چەند برادەرێكی ئێمە كە لە كۆمیسیۆنی كۆنگرەدا بوون، هەڵسان بە راخستنی ئاڵای كوردستان لەسەر مێزی كۆنگرە، بەڵام لەلایەن (جەمیل بایك) رەت كرایەوە و تووڕە بوو، ئەوانەشی ئاڵای كوردستانیان دانابوو بە خائینی دانان و تۆمەتباری كردن بە ئەنجامدانی كودەتا.''

(نیڤاڵ ساڵح سەلیم) له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ ئەگەر ئەمریكا و هاوپەیمانەكان یارمەتیی پێشمەرگە نەدەن و پەكەكە و حەشد لەم ناوچەیە دوور نەخەنەوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا پەكەكە و حەشدی شیعی پەلاماری كوردستان دەدەن و شنگال و باشووری كوردستان لێكتر دادەبڕن و، ماڵوێرانی بۆ گەلی كوردستانی باشوور دەهێنن بە هاوشێوەی كوردستانی باكوور.

ده‌قی دیمانه‌كه‌:

''پەكەكە بە قسە و گوتار دروشمی نەتەوەیی بەرز كردۆتەوە''
* لە وێستگەی یەكەمی خەباتی خۆتدا چوویتە ریزەكانی پەكەكە، بەڵام دواتر ئەم حزبەت بەجێهێشت، بە گشتی چۆن سەیری سیاسەت و رەوتی پەكەكە دەكەیت؟
- من لە خێزانێكی كوردپەروەری ئامەد لەدایك بووم؛ ئەو كاتەی قوتابیی زانكۆ بووم وەكو پۆلێك لە هاوڕێكانم خولیای كاری سیاسی بووم، هەر ئەو كاتیش كە لە زانكۆی ئانكارا بووم چەندین هاوڕێم خرانە زیندانەوە و رێگایان نەدەدا تەنانەت بە زمانی كوردییش قسە بكەین، هەر بۆیە منیش زانكۆم بەجێهێشت و هاتمە چیا و ماوەیەكی زۆر لە چیای خواكورك بوومە گەریلا بۆ ئەوەی بەرگری لە نەتەوەكەم بكەم. ئەو كات پەكەكە دروشمی سەربەخۆییی كوردستانی هەڵگرتبوو، بۆیە پشتگیرییەكی باشی كوردی باكووری كوردستانی هەبوو، پاڵپشتیی كوردی باكوور بۆ پەكەكە بۆ دوو هۆكار دەگەڕایەوە، لەلایەك میللەتی كورد دووچاری زوڵم و زۆردارییەكی لە رادەبەدەر ببوونەوە لەلایەن سوپای توركیاوە، لەلایەكی ترەوە پەكەكە رێگەی نەدەدا هیچ حزبێكی سیاسیی دیكە لە كوردستانی باكوور خەبات بكات، هەر بۆیە ئەوانەی رۆحی نیشتمانپەروەری و نەتەوەییان هەبوو، بە ناچاری روویان لە ریزەكانی پەكەكه‌ دەكرد، چونكە پێیانوابوو سەربەخۆیی و ئازادیی گەلی كورد لەسەر دەستی پەكەكە دەستەبەر دەكرێت. بەڵام سەركردەكانی قەندیل هەر زوو دەستبەرداری دروشمە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بوون و خوێنی ئەو هەموو شەهیدەیان لەبیر كرد و ئاراستەی خەباتیان گۆڕی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی دیموكراتی بۆ توركیا، ئەو كات ئێمە لەناو پەكەكە پێمان سەیر بوو وا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو هەموو بەڵێن و دروشمە بین، هەربۆیە لە ساڵی 2004 خەڵكێكی زۆر لە پەكەكە جیا بوونەوە و گەیشتینە ئەو باوەڕەی كە ماندووبوون و خوێنبەخشینمان لەناو پەكەكە بەفیڕۆ دەڕوات.

* چی وای لە پەكەكە كرد دەستبەرداری هێڵی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت و واز لە خوێنی ئەو هەموو شەهید و قوربانیدانەی گەلی كوردستانی باكوور بهێنێت، تەنانەت ئێستا بەئاشكرا دژی سەربەخۆییی كوردستانی باشووریش راوەستاوەتەوە و پێشڕەویی دوژمنانی كورد دەكات بۆ سەرخاكی كوردستان، هەر وەكو چۆن لە شنگال بۆ هاتنی حەشدی شەعبی بینیمان؟
- پەكەكە بە قسە و گوتار دروشمی نەتەوەیی بەرز كردۆتەوە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە كاری سیاسی بۆ كیانی نەتەوەیی و نیشتمانی كوردستان نەكردووە، پەكەكە بەتایبەتی دژی ئەو پارت و لایەنە سیاسی و سەركردانە وەستاوەتەوە كە كاریان بۆ نەتەوەی خۆیان كردووە، لەم پێناوەشدا بەتوندی دژی رێبازی (مەلامستەفا بارزانی) وەستاوەتەوە و بە هەڕەشەی زانیوە، چونكە ئەو رێبازە كاری بۆ هێڵی نەتەوەیی و نیشتمانی كردووە، ئەمەش پێچەوانەی ویست و بۆچوونەكانی پەكەكە و ئەو وڵاتانەیە كە كاریان بۆ دەكات، وەك ئێران، بۆ نموونە پەكەكە نایەوێت كەس بخوێنێت و بۆ وەرگرتنی بڕوانامە روو لە وڵاتانی دەرەوە بكات، لەكاتێكدا (مەلامستەفا بارزانی) پاڵپشتی ئەوە بووە و هانی گەنجەكانی دەدا بۆ خوێندن بڕۆن و بڕوانامە بهێننەوە، كاتێكیش لێی دەپرسن، ئێمە پێویستیمان بە پێشمەرگە هەیە، بۆچی ئەو لاوانە دەنێرنە دەرەوە بۆ خوێندن، لە وەڵامدا رایگەیاندووە كە میللەتی كورد لە دواڕۆژدا پێویستی بەو كەسانە دەبێت، ئەم بیركردنەوەیە بۆ بیری نەتەوەیی و هێڵی نیشتمانی دەگەڕێتەوە، بەپێچەوانەی پەكەكەوە كە ستراتیژییەتیان نییە و تەنیا بیر لە ئێستا دەكەنەوە و تەواوی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كورد رەت دەكەنەوە. پەكەكە جگە لە خۆی باوەڕی بە هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژیەتێكی دیكە نەبووە و نییە، بەپێچەوانەی پارتە كوردستانییەكانی باشووری كوردستانەوە، لێرە پارتی دیموكراتی كوردستان كار بۆ سەربەخۆیی دەكات، ئەوەتا جەنابی (بارزانی) داوای ریفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان دەكات و ناهێڵێت خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ بڕوات.

''پەكەكە بزووتنەوەیەكی كوردییە، بەڵام خەباتەكەی بۆ كورد نییە''

* بە رای تۆ لە پێناوی چی پەكەكە دژی پرۆسەی سەربەخۆییی كوردستان رەفتار دەكات؟
- پەكەكە لەمێژە بووە بە كرێگیراوی وڵاتانی ئێران و سووریا؛ بۆیە كار بۆ ئەوە دەكات جگە لە خۆی هیچ حزب و ئایدیۆلۆژیا و بۆچوونێكی دیكە نەبێت، لەم چوارچێوەیەشدا هیچ حزبێكی قبووڵ نییە و هەمووی بە دوژمنی خۆی دەزانێت. پەكەكە پێشتریش زیاتر باوەڕی بە چینایەتی و ماركسی بووە نەك هێڵی نەتەوەیی، ئێستایش چووەتە بەرەی ئێران و سووریا، پێشتر كە لە چیا بووین ئێران ئازووقە و چەكی دەدا بە پەكەكە، بەڵام ئەگەر جموجۆڵی سەربازیمان لە نزیك ئێران هەبووایە، یاخود بە قسەی ئێرانمان نەكردایە راستەوخۆ حكوومەتی ئێران تۆپبارانی دەكردین، بەمەش پەكەكە ناچاری ئەو عەمالەتە بووە و رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر كەوتە ژێر باری ئەو بەكرێگیراوییە و كار و بەرنامەی خۆی دوور لە ستراتیژییەتی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە لەگەڵ ئێران بەستۆتەوە و هەموو ئەجێندا و كاری ئێران لە دەرەوەی سنوورەكانی، پەكەكە جێبەجێی دەكات، هەر كەسێكیش لەناو پەكەكە رەخنە بگرێت، بە خائینی دادەنێن و رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە، ئەمڕۆ ئێران لەگەڵ پەكەكە و هێزەكانی حەشدی شەعبی دژی هەموو ئەو كەس و سەركردە و هەوڵانەن كە باشووری كوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەبەن، لەبەرانبەردا ئێران چەك و پارە و یارمەتیی سەربازی پێشكەش بە پەكەكە دەكات.

* ئەی كەواتە پەكەكە چۆن ئەو خەڵكەی بۆ پاشكۆیەتی وڵاتان فریو داوە؟
- پەكەكە بزووتنەوەیەكی كوردییە، بەڵام خەباتەكەی بۆ كورد نییە، ئەوان هەڵگری پەیامێكی نەتەوەیی نین و لەسەر ئایدیۆلۆژی چەپ كار دەكەن، هەموومان بینیمان لە رۆژئاوا پەكەكە و لقەكانی حزبی ئەوان چی لەو كەسانە دەكەن كە ئاڵای كوردستان هەڵدەكەن، ئەوان پێیانوایە ئاڵای كوردستان ئاڵای پارتییە، لە ساڵی 2004 لەكاتی ئەنجامدانی كۆنگرە لە شاخ چەند برادەرێكی ئێمە كە لە كۆمیسیۆنی كۆنگرەدا بوون، هەڵسان بە راخستنی ئاڵای كوردستان لەسەر مێزی كۆنگرە، بەڵام لەلایەن (جەمیل بایك) رەت كرایەوە و تووڕە بوو، ئەوانەشی ئاڵای كوردستانیان دانابوو بە خائینی دانان و تۆمەتباری كردن بە ئەنجامدانی كودەتا، ئەمە لەكاتێكدا ئاڵاكەی پەكەكە ئاڵایەكی حزبییە و هیچ پەیوەندی بە كوردستانەوە نییە، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە پەكەكە ناخوازێت دەوڵەتی كوردستان رابگەیەندرێت، بەمەش دژی هەموو ئاڵا و سیمبول و دروشمێك دەوەستنەوە كە بۆنی كاری نەتەوەیی و نیشتمانی لێ بێت، هەرچی داهات و پارەش هەیە لە رۆژئاوا كۆ دەكرێتەوە، یاخود لە ئێران و حەشدی وەریدەگرن، بەشێكی زۆری دەچێتە قەندیل. هەر لەبەر ئەمەشە پەكەكە ناخوازێت شەڕ كۆتایی بێت، چونكە كۆتاییهاتنی شەڕ كۆتاییهاتنی پەكەكەشە.

* لە شەڕی داعش پێشمەرگە بووە سیمبولی پارێزەری هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان و وڵاتانی هاوپەیمانان رێز و تەقدیرێكی زۆریان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیە، كەچی پەكەكە دژی پێشمەرگەیە و خۆی بەدۆستی حەشدی شیعە دەزانێت، خوێندنەوەتان بۆ ئەوە چییە؟
- پەكەكە نایەوێت و چاوی بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگەش هەڵنایەت، كە توانی زۆر قارەمانانە داعش تێكبشكێنێت و ناوی كورد بەرز بكاتەوە و هەلێكی مێژوویی بۆ كورد بەدەست بهێنێت، پەكەكە باش دەزانێت ئەو دەستكەوتەی پێشمەرگە و گەلی كوردستانی باشوور بەدەستی هێناوە، بۆ جەنابی (بارزانی) وەكو سەرۆكی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دەگەڕێتەوە، هەربۆیە دژایەتیی خۆی بەرانبەری سەختتر كردۆتەوە. لەكاتێكدا (بارزانی) بۆ نەتەوەكەی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی چڕتر كردۆتەوە و بە ئاشكرا داوای دەوڵەتی سەربەخۆیی بۆ كوردستان دەكات، لەناو حزبە كوردستانییەكان یەكدەنگی و یەكڕیزی هەیە بۆ بونیادنانی ئەم دەوڵەتە، بەڵام ئەمانە هیچی بەدڵی پەكەكە و ئەو وڵاتانەی دوژمنی كوردن نین. پەكەكە ئەمەی پێ هەزم ناكرێت كە پێشمەرگە تەواوی خاكی باشووری كوردستانی ئازاد كردووە و خۆی گوندێكی لە باكووری كوردستان بۆ ئازاد نەكراوە، هەر بۆیە ئەوەی پەكەكە دەیكات وەكو كارتێكی سەر ئاوكەوتوو وایە پاش چەند ساڵێكی تر بزر دەبێت.

''پەكەكە و حەشدی شیعی شنگال و باشووری كوردستان لێكتر دادەبڕن''

* ئێستا پەكەكە لە شنگال گێچەڵ بە پێشمەرگە و خەڵكی ئەو ناوچەیە و ئێزدییەكان دەگێڕێت، دەیەوێت شەڕێكی نەخوازراو دروست بكات، ئایا چۆن ئەو شەڕەی پەكەكە لە شنگال دوور دەخرپتەوە؟
- بوونی پەكەكە لە شنگال و هاتنی حەشدی شەعبی مەترسییەكی گەورەیە لەسەر باشووری كوردستان، بەڵام پەكەكە تەنیا لە شنگال دژایەتیی ئەزموونی كوردستان ناكات، بەڵكو ئەو نایەوێت شنگال ئاوەدان ببێتەوە و خەڵكی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئێرانیش ئەمەی دەوێت. ئێران نایەوێت باشووری كوردستان لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان بە هاوكاریی ئەمریكا تا سەر دەریای سپیی ناوەڕاست درێژ ببێتەوە، چونكە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێران و شیعە و ئەو رێڕەوە سەربازییەی شیعە نییە كە بە هاوكاریی پەكەكە دەمێكە سەرقاڵی جێبەجێكردنین، هەر بۆیە من لەو باوەڕەدام ئەگەر ئەمریكا و هاوپەیمانەكان یارمەتیی پێشمەرگە نەدەن و پەكەكە و حەشد لەم ناوچەیە دوور نەخەنەوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا پەكەكە و حەشدی شیعی پەلاماری كوردستان دەدەن و شنگال و باشووری كوردستان لێكتر دادەبڕن و، ماڵوێرانی بۆ گەلی كوردستانی باشوور دەهێنن بە هاوشێوەی كوردستانی باكوور.

* باسی كوردستانی باكوورت كرد، ئایا دوای تێكدانی پرۆسەی ئاشتی و شەڕی خەندەقەكان كە پەكەكە دروستی كرد، گەلی كوردستانی باكوور چ زیانێكیان بەركەوت؟
- پەكەكە بەسەر گەلی كورد بە گشتی و گەلی كوردستانی باكوورەوە بەتایبەتی بووەتە بەڵایەكی زۆر كوشندە و ناخۆش، چونكە گەلی كورد لە پرۆسەی ئاشتی زۆر چووبووە پێش، ئەمەش بە ویستی پەكەكە نەبوو، چونكە ئەو نەك هەدەپە، هیچ هێزێكی تری جگە لە خۆی قبووڵ نییە، كەمئەزموونیی هەدەپەش وایكرد شەڕی سوپای توركیا و پەكەكە زیانی گەورە بەر خەڵكی بكەوێت گوند و شارۆچكەكانی باكووری كوردستان بەشی هەرە زۆری خاپوور كران و شارەوانییەكانمان لە دەست دا و ئەندامانی هەدەپە زۆربەیان دەستگیر كران و كورد باری بژێوییه‌كه‌ی تێكچوو، كە بە ناچاری زۆربەیان كۆچیان كرد، لە شەرناخ ماڵباتێك دەناسم كە زۆر هاوكاری و یارمەتیی پەكەكەیان دابوو، بەتایبەتی لە رووی ئازووقە و پارەپێدانەوە، كەچی پەكەكە بێ ئەوەی گوێبداتە ئەوەی لە ماڵەكەدا زارۆك هەیە، لە بەردەمی خانووەكەیان خەندەقیان لێدابوو، پڕی مین و تەقەمەنییان كردبوو، خاوەنی ماڵەكە پێی وتبوون بۆ ناچنە بەردەمی ماڵی ئاغا و دوژمنەكان، كەچی پەكەكە ناچاریان كردبوو ماڵەكەی چۆڵ بكات، پەكەكە دۆست و دوژمن نازانێت و تووشی غروور بووە و دۆست و دوژمن لێك جیا ناكاتەوە، پەكەكە دەیەوێت هەمان حاڵەت لە كوردستانی باشووریش دروست بكات.

''(مستەفا قەرەسوور) دەیگوت: ''مرۆڤی كورد ئایین و خێزانی پێویست نییە''

* پەكەكە ئێستا بانگەشە بۆ دروشمی سەیر دەكات وەك نەمانی خێزان، هەروەها گەنج و مێرمنداڵ بە زۆر چەكدار دەكات، ئایا ئەمە لەگەڵ دابونەریتی كوردەوای یەك دەگرێتەوە؟
- پەكەكە گەنج و زارۆكی كورد لەپێناو كارێكی دوور لە نەتەوە و نیشتمانپەروەرییەوە بە كوشت دەدا، بڕوای بە خێزان و ئایین نییە، ئەوەی پێ قبووڵ نییە تەنانەت كوردەكان نزا بكەن. چەكداركردنی زارۆك و مێرمنداڵان دوور لە عورف و دابونەریتی كورد و یاسای نێودەوڵەتییە، كەچی هەر گەنج و منداڵێك لە پەكەكە جیا بێتەوە بە خائینی وەسف دەكەن و دەیكوژن. ئەو كاتەی لە قەندیل بووین زارۆكێكی تەمەن 9 ساڵ لەناو پەكەكە شەهید بوو، تەنیا لە ساڵانی شەڕی پەكەكە لەگەڵ كوردستانی باشوور لە ماوەی تەنیا 5 ساڵدا لەلای ئێمە سێ كچیان بە تاوانی سیخوڕی كوشت، ئەوەی پێم سەیر بوو، لەناو پەكەكە جێبەجێیان دەكرد، جیاكردنەوە و دوورخستنەوەی كوڕ و كچ بوو لە ماڵباتی خۆیان، ئەوان پێیان قبووڵ نییە ژن و پیاو پێكەوە خۆشەویستی بكەن و خێزان پێكبهێنن، لەكاتێكدا سەركردەكانیان لە ژێر پەردەوە دەیان كاری نەشیاویان ئەنجام دەدا، باشە ئەگەر خێزان نەبێت، نەوەی داهاتوو چۆن لەدایك دەبن. (مستەفا قەرەسوور) كە كوردێكی عەلەوییە و 40 ساڵە یەك رۆژ بە زمانی كوردی ئاخاوتنی نەكردووە، دەیگوت: ''مرۆڤی كورد ئایین و خێزانی پێویست نییە''، باشە میللەتی كورد چۆن زیاد ببێت و نەتەوە و نیشتمانەكەی خۆش بوێت، ئەگەر نەتوانێت خێزان دروست بكات؟.

پاشخان:
(نیڤاڵ ساڵح سەلیم) سەرپەرشتیاری رێكخستنەكانی ئافرەتانی پەكەكە لە ئەورووپا؛ دەرچووی كۆلێژی ئادابی زانكۆی ئانكارایه‌ و لە ساڵی 1992 چووەتە چیا و لەناو ریزەكانی پەكەكەدا چەندین بەرپرسیاره‌تی وەرگرتووە، تا ساڵی 2004 لە پەكەكە جیا بووەتەوە و هاتۆتە باشووری كوردستان و درێژە بە كاری سیاسی دەدات.
 

هەواڵی پەیوەندیدار