نوێنەرێکی مەسیحیان: "سەرۆك بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا كۆ دەبێتەوە.. باسی دیاریكردنی رۆژێك بۆ ریفراندۆم دەكرێت"

ھەولێر-KDP.info- (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا كۆ دەبێتەوە و نوێنەرێكی مەسیحییەكان دەڵێت، لەو كۆبوونەوەیەدا باسی دیاریكردنی رۆژێك بۆ ریفراندۆم دەكرێت و، سەردانەكەی بۆ دەرەوەی وڵاتیش دەخاتە بەر باسەوە.
(وەحیدە یاقۆ ھورمز) نوێنەری مەسیحییەكان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئێمە بانگھێشت كراوین بۆ كۆبوونەوەی سبەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا و، منیش بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا دەكەم".
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی یموکراتی کوردستان، داوەتنامە بۆ کۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نێردراوە تا لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار ببن و، (هورمز) لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەوە گوتی، "ئەجێندای كۆبوونەوەكە، دوو تەوەری سەرەكی لەخۆ دەگرێت، كە یەكەمیان خستنەبەرباس و دیاریكردنی رۆژێك بۆ ریفراندۆمە و، تەوەری دووەمیش ئەوەیە كە، (سەرۆك بارزانی) باسی سەردانی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات دەكات".
بڵند ئیبراھیم




