٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەكر حەمەسدیق: حەشدی شەعبی لە دەستووری عێراق ڕا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- چاودێری سیاسی (بەكر حەمە سدیق) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، سەركردە باڵاكانی حەشدی شەعبی نەیانشاردووەتەوە، كە بۆ ئەجێندایەكی مەزھەبی دامەزراون و دەشڵێت، پێویستە ھەرێمی كوردستان ئەو ھەڕەشانەی فەرماندە مەیدانییەكانی حەشد بە ھەند وەربگرێت و، ھەوڵ بدرێت سەرەتا بە دانوستان لەگەڵ بەغدا كێشەكە چارە بكەن.

(بەكر حەمەسدیق)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "مەترسییەكانی ڕابردوو و ئێستای ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە حەشدی شەعبی لە جێی خۆیدان، چونكە بێگومان حەشدی شەعبی ئەو ھێزە دەرچوو، كە كورد چاوەڕێی دەكرد و مەترسییە لەسەر پێكھاتەكانی عێراق و سەركردە باڵاكانیشیان نایشارنەوە، كە ئەوان بۆ ئەجێندایەكی مەزھەبی دامەزراون و كار دەكەن، ھەر ئەوەیش پێشبینیی زۆرێك لە كوردەكان بووە و بینیمان حەشدی شەعبی لە دەستووری ھەمیشەییی عێراق ڕا دەكات، بەڵام پێشێلكردنی ئەو ماددە دەستووریانەی پەیوەندییان بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە، وەك ماددەی ١٤٠ و داگیركردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان جێی پەسند و ڕازیبوونی كورد نین، بەڵام ئەوان بوونەتە سەرچاوەی كێشە و پابەندی ھیچ ڕێككەوتنێك و دەستووری عێراقیش نین".

ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی، "پێویستە ھێز و لایەنە كوردستانییەكان، ھەموویان لە بەرانبەر ئەو ھەڵوێستەی حەشدی شەعبیدا یەكدەنگ بن و نابێ بە ھیچ شێوەیەك پێشڕەوییان بەرەو ناوچە كوردستانییەكان لە لایەن ھیچ كەس و لایەنێكەوە بێدەنگیی لێ بكرێت و ئەو لێدوانانەی ھەندێ فەرماندەی مەیدانیی حەشدی شەعبی دژی ھەرێمی كوردستان بە ھەند وەربگیرێن".

(بەكر حەمەسدیق) دەشڵێت، "بێدەنگیی بەغدا و حكوومەتی عێراق نیشانەی ڕازیبوونە بەو دەستدرێژییەی حەشدی شەعبی لە ناوچە كوردستانییەكاندا و، مەترسییە گەورەكە لەوێوە دەستی پێ كردووە، كە حكوومەتی عێراق حەشدی كردووەتە ھێزێ یاسایی و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، كەچی ئێستا حەشد ھیچ حیسابێك بۆ ئەو حكوومەتەی عێراق ناكات، من وای دەبینم كێشەكە ئاڵۆزتر دەبێت، پێویستە كورد ئامادەباش بێت و من ناڵێم پەنا بۆ شەڕ بەرن، بۆ ئەوەی دەریان بكەن، بەڵام ھەوڵ بدرێت سەرەتا بە دانوستان كێشەكە چارە بكرێت و بە ڕێككەوتن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و كوردیش بەرگری لە ناوچە كوردستانییەكان بكات".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار