لە شێخان و ناوچە كوردستانییەكان، ژمارەیەك پڕۆژە جێبەجێ دەكرێن

شێخان-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ باشبوونی رەوشی ئابووریدا، دەستی بە گەیاندنی خزمەتگوزاری كردووە و، بڕیارە لە سنووری پارێزگای دهۆك ژمارەیەك پڕۆژە لە رۆژانی داهاتوودا بكەونە واری جێبەجێكردنەوە، بەرپرسێكی حكوومەتیش دەڵێ، "بەشێك لەو پڕۆژانە دەبەینە ناوچە كوردستانییەكانی سەر بە پارێزگای مووسڵ".
(عوسمان یوونس)، جێگری پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "حكوومەت لەسەر داهاتی خۆی ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای دهۆك ئەنجام دەدات و، ژمارەیەك لەو پڕۆژانەیش بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێم و سنووری شارۆچكەی شێخان دەبن، كە بە شێوەیەكی گشتی نزیكەی 30 پڕۆژەن و كەرتەكانی پەروەردە و شارەوانی و ئەوقاف و رێگاوبان و كارەبا لە خۆ دەگرن، بەشێك لەو پڕۆژانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتە، وەك شارەدێی زێلكانی سەر بە پارێزگای مووسڵ و ناوچە تازە ئازادكراوەكانی دیكەی سنوورەكە".
(سەردار شێخ یەحیا) قایمقامی شێخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئیدارەی خۆجێیی شێخان پەلە دەكات لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەی بڕیارە جێبەجێ بكرێن و سوودی زۆریان بۆ هاووڵاتیانی سنوورەكە دەبێت بە تایبەت هەندێ پڕۆژە هەن پێویستە لە كاتێكی زوودا تەواو بكرێن و خەڵكی چاوەڕێی خزمەتگوزارین لە حكوومەت، پڕۆژەكانیش بەپێی پێویستی دابەش كراون و هەر كەرتێك پارەی تایبەتی بۆ خەرج كراوە".
قائید میرۆ




