96%ی خەڵكی زوممار گەڕاونەتەوە

زوممار-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار ڕایگەیاند، 96%ی خەڵكی ناوچەكە گەڕاونەتەوە و ئێستا ژیان لە زوممار وەك دهۆك و هەولێر و ناوچەكانی دیكە ئاسایییە و ئەوەش لە سایەی هێزی پێشمەرگەی قارەمانەوەیە. داواش دەكات شارەدێیەكەیان ببێتە یەكێك لەو شارەدێیانەی سەر بە هەرێمی كوردستانن، كە ئەوە داوای سەرەكیی خەڵكی ناوچەكەیە، چونكە ئەو ناوچەیە بە خوێنی پێشمەرگە قارەمانەكان ڕزگار كراوە.
(ئەحمەد جەعفەر)، بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''زوممار یەكێكە لەو ناوچانەی كە هەر زوو لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی قارەمان لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كرا. پاش ڕزگارگردنی ئەو شارەدێیە، بە پشتگیری و هەوڵ و ماندووبوونەكانی حكوومەتی هەرێم و پارێزگای دهۆك، هەندێك ڕێكخراو بۆ ئاوەدانكردنەوە ڕوویان لە ناوچەكە كرد، ئەوەش وای كرد كە ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵكی ناوچەكە بگەڕێنەوە، كە ئێستا 96%ی خەڵكی ناوچەكە گەڕاونەتەوە.''
بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار گوتی: ''كاتی خۆی كە داعش لێرە بوو زیانێكی زۆری بە ناوچەكە گەیاندبوو، ژمارەیەكی زۆری لە خانووەكان تەقاندبووەوە و زیانی بە قوتابخانە و نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەكان گەیاندبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خەڵك ڕۆژانە دەگەڕانەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و ناوچەكەیان ئاوەدان دەكردەوە. ئێستاش ژیان لە زوممار وەك دهۆك و هەولێر و ناوچەكانی دیكە ئاسایییە و هیچ مەترسییەك لەسەر ناوچەكە نییە، ئەوەش لە سایەی هێزی پێشمەرگەی قارەمانەوەیە.''
(ئەحمەد جەعفەر) گوتیشی: ''زوممار شوێنێكە بۆ پێكەوەژیان، كورد و عەرەب پێكەوە دەژین، ئەو عەرەبانەی لەگەڵ داعش دەستیان نەبوو، ئێستا لێرەن و هیچ جیاوازییەك لە نێوان ئەوان و خەڵكەکەی دیكەماندا نییە، داواش دەكەین هێزی پێشمەرگە هەموو ئەو ناوچانەی ماون ڕزگاریان بكات و پارێزگاری لە ناوچەكانی ئێمە و شنگال بكات و خەڵكی ئێمەش وەك پێش داعش هەموو پێكەوە بژین.''
بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار ئاماژەی بەوەش كرد: ''سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دەكەین، كە خەڵكی ئێمەیان لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار كرد. هەروەها سوپاسیان دەكەین، كە بەردەوام هاوكاریمان دەكەن و هاوكارن بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و داوا دەكەین شارەدێیەكەمان ببێتە یەكێك لەو شارەدێیانەی سەر بە هەرێمی كوردستانن، كە ئەوە داوای سەرەكیی خەڵكی ناوچەكەیە، چونكە ئەو ناوچەیە بە خوێنی پێشمەرگە قارەمانەكان ڕزگار كراوە.''
رابین شێروانی




