موئەیەد تەییب: سیاسەتی سهركهوتووی ھەرێم لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، ئابووریشمان دەبووژێنێتەوە

ھەولێر-KDP.info- چاودێری سیاسی (موئەیەد تەییب) دەڵێت، سیاسەتی حەكیمانەی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) لە ڕووی دیپلۆماسییەوە سەركەوتوو بووە، بۆیەیش لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیھان گرینگیی زۆر بە ھەرێمی كوردستان دەدرێت و وەكو دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
(موئەیەد تەییب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئەو گرینگییەی وڵاتانی جیھان بە ھەرێمی كوردستانی دەدەن، بۆ سیاسەتی حەكیمانەی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) لە ڕووی دیپلۆماسییەوە دەگەڕێتەوە، چونكە ئەو سیاسەتە سەركەوتوو بووە وئێستا وای لێ ھاتووە وەكو دەوڵەتێك مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا دەكرێت".
(تەییب) گوتیشی، "ھەرێمی كوردستان لە ئێستادا ناوێكی دیارە لە ھەموو جیھاندا و گرینگیی زۆری پێ دەدرێت كە ھێشتا نەبووەتە دەوڵەت، بەڵام وڵات ھەیە كە سەدان ساڵە بووەتە دەوڵەت، كەچی بە ساڵان جارێك ناوی نابیسترێت، كە ئەمەیش ئەوە دەگەیێنێت، ھەرێمی كوردستان لە سیاسەتكردندا سەركەوتوو بووە".
ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە، "ئەو رێككەوتنەی ھەرێمی كوردستان لە بواری نەوت لەگەڵ ڕووسیا كردوویەتی، گرینگییەكی ئێجگار زۆری ھەیە، كە وڵاتێكی وەكو ڕووسیا رێككەوتن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بكات، ئەمە كاریگەری ئیجابی دەبێت و لەبەرژەوەندیی ھەرێمی كوردستاندایە".
(موئەیەد تەییب) دەشڵێت، "وەزیری وزەی ڕووسیا خۆی باسی لەوە كردووە كە، ھەرێمی كوردستان ٣ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی ھەیە جگە لە غازێكی سرووشتیی زۆر، بۆیە ھەرێمی كوردستان وڵاتێكی دەوڵەمەندە لە نەوت و غاز و ڕووسیایش یەكێكە لە وڵاتە گەورەكانی بەرھەمھێنانی نەوت، لەبەر ئەوە، ئەمە سوودێكی زۆری بۆ ھەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە دەبێت و، ئابووریی ھەرێمیش دەبووژێتەوە".
بڵند ئیبراھیم




