٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوردستانیان بە پێوەندیی نێوان هەرێم و ڕووسیا خۆشحاڵن

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info-  هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵن بە سەردانی شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتیی سەرۆكوەزیران بۆ ڕووسیا و بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە سان پیترسبۆرگ و ئەو دیدار و كۆبوونەوانە و ئەو گرێبەستانەی ئەنجام دراون و، پێیان وایە لە داهاتوویەكی نیزیكدا ئامانجی سەردانەكە زیاتر ڕوون دەبێتەوە و كوردستان زیاتر لە سەربەخۆیی نیزیك دەكاتەوە.


(كەریم سەلیم)، مامۆستا لە ئاكرێ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''چ سەرۆكی هەرێم، چ سەرۆكی حكوومەت ڕوو لە هەر شوێنێك بكەن، بەتایبەتی وڵاتانی وەك ئەمەریكا و ڕووسیا، كە كاریگەریی خۆیان هەیە بەسەر ناوچەكەدا خێر و بێر بۆ هەرێمی كوردستان لەگەڵ خۆیان دەهێننەوە، ئەوەی سەرۆكی حكوومەت و شاندی یاوەری لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕووسیا کردیان، دەریدەخات كە كورد قۆناغێكی باشی بڕیوە و لە ئامانجە سەرەكییەكانی خۆی نیزیكە، کە ئەویش ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستانە.''

(دڵشاد موسلم)، فەرمانبەر لە سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''گرینگە هەرێمی كوردستان گرینگی بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی جیهان بدات، بەتایبەتی زڵهێزەكانی جیهان، چونكە ئەگەر باوەڕی ئەوانە بە دەست بهێنێت، زیاتر نیزیك دەبینەوە لە سەربەخۆیی، بۆیە دەبێ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە سەردانی شاندی هەرێم بۆ ڕووسیا خۆشحاڵ بن، چونكە ئەوەی كە كراوە بۆ لایەنێك و دوو لایەن نییە، بەڵكو بۆ هەموو خەڵكی كوردستانە.''

(ئەڤین خدر)، مامۆستا لە سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: '' ئەوەی (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆكی حكوومەت لە ڕووسیا كردی، هەموو تاكێكی كوردی خۆشحاڵ كردووە، چونكە هەرێمی كوردستان زیاتر بە ڕووی وڵاتانی جیهاندا دەكاتەوە و وا دەكات كە وڵاتانی دیكەش ڕوو لە هەرێم بكەن و گرێبەست ئەنجام بدەن، لەگەڵ ئەوەش ئەو گرێبەستانە زیاتر سەربەخۆییی كوردستان بۆ وڵاتانی دیكە بەدەردەخات، كە هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە تەواوە، بۆ ئەوەی كە سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت.''

(جەمال سەعید) هاووڵاتییەكی شارۆچكەی مێرگەسۆرە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''وەك لە ڕاگەیاندنەكاندا دیتمان لە ڕووسیا بە شێوەیەكی زۆرباش پێشوازی لە شاندی هەرێمی كوردستان كرا، هەروەها ئەو دیدار و كۆبوونەوانەی بەڕێوەچوون هەمووی لەسەر ئاستی باڵا بوون، بۆیە پێم وایە ئەو سەردانە لە هەموو ڕوویەكەوە بە سوودی خەڵكی كوردستانە، لەگەڵ ئەوەی ئەو دیدار و كۆبوونەوانە پیشانیان دا، كە هەرێمی كوردستان لە ناوەندەكانی بڕیاردانە و شوێنێكی گرینگە، هەر ئەوەش وای كردووە كە وڵاتانی جیهان ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و پشتگیریی خۆیان بۆ گەلی كورد دەرببڕن.''

ڕابین شێروانی 
 

هەواڵی پەیوەندیدار