شارەزایەكی ئابووری: ئاسۆیەكی ئابووریی گەش لە بەردەم ھەرێمدایە

ھەولێر-KDP.info- شارەزایەكی ئابووری دەڵێت، دوای ئەوەی چەندین بەربەست لە بەردەم پێشخستنی ئابووریی ھەرێمی كوردستان لەلایەن دوژمنانی كوردەوە دروست كران، لە ئێستادا ئەو كۆمپانیا گەورەیەی ڕووسیا كە رێككەوتنی لەگەڵ كرا، سەركەوتنی ئابووریی ھەرێمی بە ڕوونی دەرخست.
(خورشید ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "قەیرانێكی دارایی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە و لە ھەرێمی كوردستانیش بە ھەمان شێوەیە، ئەمەیش چەند ھۆكارێكی لە پشتە، لەوانە شەڕی داعش و ھاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و بڕینی بەشەبوودجەی ھەرێم لەلایەن بەغداوە، ئەمانە ھەموو وایان كرد ھەرێمی كوردستان تووشی قەیرانی دارایی بێت".
(ئەحمەد) گوتیشی، "ئێستا دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان بەرەو پێشتر چووە، بە تایبەت كە ئێستا ھەرێمی كوردستان رێككەوتنێكی گەورەی لەگەڵ كۆمپانیای رۆزنەفتی ڕووسیا كردووە، ئەمەیش لە دوو ڕووەوە زۆر گرینگە، ھەم لە ڕووی سیاسی و ھەم لە ڕووی ئابوورییشەوە".
ئەو شارەزایە ڕوونیشی كردەوە، "ئەمە ھەنگاوێكی زۆر گەورەیە، چونكە دوای ئەوەی لەلایەن دوژمنانی كوردستانەوە ھەوڵ درا كە ھەرێم لە ڕووی ئابوورییەوە ھیچ ھەنگاوێك نەنێت و هەروەها رێگرییان لە وەبەرھێنەران كرد بێنە ھەرێمی كوردستان و چەندین تۆمەتیان بۆ ھەرێم هەڵبەست، بەڵام شكستیان برد، ئێستایش كە ئەو كۆمپانیا گەورەیە بێت لە ھەرێم وەبەرھێنان بكات و بە ئامادەبوونی گەورەبەرپرسانی ڕووسیا ئەو رێككەوتنە ئیمزا كرا و تەنانەت سەرۆكی ڕووسیا (فلادیمیر بۆتین) خۆی لەسەر خەت بووە تاوەكو ئەو رێككەوتنە كراوە، ئەمە نیشانی دەدات كە ئاسۆیەكی گەشی ئابووری لە بەردەم ھەرێمی كوردستاندا ھەیە".
دەشڵێت، "ھیوادارین ئەو ھەنگاوە ببێتە ھۆكارێك بۆ نەهێشتنی قەیرانی دارایی و بێگومانیش بەو شێوەیە دەبێت".
بڵند ئیبراھیم




