نێچیرڤان بارزانی: ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕۆسنه‌فت، ده‌ستپێكردنێكی تازه ده‌بێت له بواری وزه‌دا

هه‌ولێر-KDP.info- (نێچیرڤان بارزانی) ڕێكه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕۆسنه‌فتی ڕووسیاییدا، به ڕێككه‌وتنێكی بازرگانیی مه‌ودادرێژ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ڕۆسنه‌فت كه یه‌كێكه له كۆمپانیا هه‌ره گه‌وره‌كانی بواری وزه له ڕووسیا به گرینگ ده‌بینێ و ده‌ڵێ ''ئه‌م ڕێككه‌وتنه ده‌ستپێكردنێكی تازه ده‌بێت له بواری وزه‌دا بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ڕووسیا."
ده‌رباره‌ی واژۆكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ له سان پترسبۆرگ له نێوان وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیای ڕۆسنه‌فتی ڕووسیدا به ئاماده‌بوونی (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و (قوباد تاڵه‌بانی) جێگری سه‌رۆكوه‌زیران واژۆ كرا، (نێچیرڤان بارزانی) له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: "ئه‌مه ڕێككه‌وتێكی بازرگانییه و به‌پێی ڕیككه‌وتنه‌كه‌ش ئه‌وان سه‌رمایه‌ی خۆیان له هه‌رێمی كوردستان ده‌خه‌نه گه‌ڕ و به‌كاری ده‌هێنن. ئه‌مه ڕێككه‌وتنێكی بازرگانیی مه‌ودادرێژه له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ڕۆسنه‌فت كه یه‌كێكه له كۆمپانیا هه‌ره گه‌وره‌كانی بواری وزه له ڕووسیا. ئێمه پێمان وایه دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه كه بارودۆخ له هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له بواری وزه‌دا زۆر خراپ بوو، ئه‌م ڕێككه‌وتنه ده‌ستپێكردنێكی تازه ده‌بێت له بواری وزه‌دا بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ڕووسیا."
له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "هیوادارین ئه‌مه ببێته سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی ئابووریی درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ ڕووسیا و بێگومان ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌یه دوای چه‌ند ساڵێك له‌و كێشانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان ڕوویان دا كه به‌هۆی بڕینی بودجه، شه‌ڕی دژی داعش و هاتنی زیاتر له ملیۆنێك و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ری ده‌ستی تیرۆ دروست بوون، دوای ئه‌و هه‌موو كێشانه ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی باشه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه بۆ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان"
سه‌باره‌ت به كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڤلادمیر پوتن-ی سه‌رۆكی ڕووسیاش، به‌ڕێزیان گوتی: "له كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك پوتن، په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كان و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی بواری ئابووری له نێوان هه‌ردوولادا، له‌و ته‌وه‌رانه بوون كه باس كران. ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش باسكردنی شه‌ڕی دژی داعش و تیرۆریستان بوو"
له كۆتاییی لێدوانه‌كه‌یدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی: "هیوادارین ئه‌م ڕێككه‌وتنه ببێته سه‌رتایه‌ك بۆ ڕێككه‌وتنی زیاتر له داهاتوودا له‌گه‌ڵ وڵاتان له بواری وزه و بواره‌كانی دیكه‌دا"




