نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری وزه‌ی ڕووسیا هەماهەنگیی وزە تاوتوو دەکەن

رووسیا-KDP.info- هه‌ر له میانه‌ی به‌شداریكردنی له كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی له شاری سان پترسبۆرگی ڕووسیا، ئێواری ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ١-٦-٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، لەگەڵ بەڕێز ئه‌لكسه‌نده‌ر نۆڤاك وه‌زیری وزه‌ی ڕووسیا کۆبوونەوە.
له دیدارێكدا كه بەرپرسانی کۆمپانیای گازپرۆم نەفتیش ئـامادەی بوون، سه‌ره‌تا (نۆڤاك) سوپاسی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ قبووڵكردنی داوه‌ته‌كه‌یان و به‌شداریكرن له كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی كه ساڵی دووه‌مه به‌شداری تێدا ده‌كات و پێگه‌یه‌كه ژماره‌یه‌ك سه‌رۆك وڵات و وه‌زیر و كۆمپانیا گه‌وره‌كانی جیهانیی بواری وزه تیایدا گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی وزه ده‌كه‌ن.
خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه باشه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ڕووسیا ده‌ربڕی به‌تایبه‌تی له بواری وزه‌دا و دووپاتی كرده‌وه كه حكوومه‌تی ڕووسیا هه‌وڵ ده‌دات كۆمپانیاكانی دیكه‌شیان هان بدات له هه‌رێمی كوردستان كار بكه‌ن و وه‌به‌رهێنان له بوای وزه‌دا ئه‌نجام بده‌ن و ئاماده‌ییی خۆی بۆ پشتگیریی سیاسیی له‌و كۆمپانیایانه ده‌ربڕی.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و پێشوازیه و دیداری به‌ڕێزیانی كرد كه له ساڵی ڕابردووش‌دا به هه‌مان شێوه پێشوازییه‌كی گه‌رمی له‌شاندی هه‌رێمی كوردستان كرد. خۆشحاڵیی خۆیشی ده‌ربڕی كه كۆمپانیای گاز پرۆمی ڕووسی سه‌رباری ئه‌و بارهودۆخه سه‌خته‌ی هه‌رێمی كوردستان پێیدا تێپه‌ڕ بوو، له‌سه‌ركاره‌كانیان به‌رده‌وام بوون و به‌هۆیه‌وه بوون به هانده‌رێكی به‌هێز بۆ كۆمپانیاكانی دیكه‌ی ڕووسی تا ئاره‌زووی خۆیان بۆ كاركردن له بواره جیاوازه‌كاندا له هه‌رێمی كوردستان نیشان بده‌ن به‌تایبه‌تی له بواری وزه‌دا و پاڵپشتیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك نیشان دا كه مه‌به‌ستیانه له هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به بارودۆخی سه‌ختی هه‌رێمی كوردستان کرد له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌تایبه‌تی له شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش، هاتنی ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر، دابه‌زینی به‌رچاوی نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهاندا و بڕینی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه. جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه ئێستا نیشانه‌كان وا ده‌رده‌خه‌ن بارودۆخه‌كه به‌ره‌و باشتر ده‌چێت و ئه‌و كێشانه‌ی هه‌بوون به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌ڕۆن و به‌ره به‌ره هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه باره‌ی ئاساییی خۆی. به پێویستیشی زانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ڕووسیا فراوانتر بكرێن نه‌ك ته‌نیا له بواری وزه، به‌ڵكو كه‌رته‌كانی وه‌كو پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و ئه‌وانی دیكه‌ش بگرێته‌وه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به پێویستی زانی حكوومه‌تی ڕووسیا كۆمپانیاكانی هان بدات له هه‌رێمی كوردستان له بواره جیاوازه‌كاندا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا كۆبوونه‌وه و دیداری زیاتر له نێوان شاندی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی ڕووسیدا ئه‌نجام بدرێت.




