لیوا روكن ڕەشید عەبدولكەریم: خەندەقلێدانی حەشدی شەعبی، دەستی دەرەكیی لە پشتە

شنگال- KDP.info- شارەزایەكی سەربازی دەڵێ، خەندەقلێدان لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا، لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە مەترسیدارە، چونكە كاریگەری لەسەر داھاتووی ئەو ناوچانە دەبێت كە دەكەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور و كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە.
لەو بارەیەوە، لیوا روكن (ڕەشید عەبدولكەریم) شارەزای سەربازی و جیۆگرافیی ناوچەكە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "خەندەقلێدان و دروستكردنی بەربەست لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا، كردارێكی مەترسیدارە لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە، چونكە كاریگەری لەسەر داھاتووی ئەو ناو چانە دەبێت كە دەكەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ ـی دەستوور و كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە، لەبەر ھەبوونی ئەجێندای دەرەكی كە نرخەكەی پێش وەخت لەلایەن وڵاتانی دەرەكییەوە دراوە، بە مەبەستیش شەڕفرۆشتنه بە ھێزی پێشمەرگە و وەلانان یان پەراوێزخستنی لە شنگال و دەوروبەری ".
(عەبدولكەریم) گوتیشی، "بێگومان ئەم كردارانەی لە بەرانبەر ھێزەكانی پێشمەرگە دەكرێـن، قابیلی قبووڵ نین و دەبێت دەستبەجێ ئەم خەندەقانە پڕ بكرێنەوە و بەربەستەكانیش لاببرێن، بۆ ئەوەی لە دواڕۆِژدا نەبێتە ئەمری واقیع و ئینجا ناچار بین جارێكی تر گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ھاوپەیمانان بكەین بۆ پاشەكشێكردن بەو ھێزانە و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، چونكە ئەمانە خاكی باشووری كوردستانن و سازشیان لەسەر ناكرێت".
فایزە كۆیی




