٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بەشداریكردنی شاندی ھەرێم لە كۆڕبەندی ئابووریی ڕووسیادا، دەستكەوتی ئابووری و سیاسیی ھەیە"

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، بەشداریكردنی شاندی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی حكوومەت لە كۆڕبەندی ئابووریی جیھانی لە ڕووسیا، گرینگییەكی زۆری ھەیە و، چەندە دەستكەوتی ئابووری ھەبێت، ھێندەیش دەستكەوتی سیاسیی ھەیە.

(د. ساڵح مەلاعومەر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "كۆڕبەندی ئابووریی جیھانی كە لە ڕووسیا ئەنجام دەدرێت، گرینگییەكی زۆری ھەیە و زۆرینەی وڵاتانی جیھانیش بەشدارن تێدا، بۆیە كە ھەرێمی كوردستانیش تێیدا بەشدارە، بایەخی زۆری ھەیە و دەرفەتێكە بۆ ھەرێم لە بواری ئابووریدا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ وڵاتانی جیھان پەرە پێ بدات، چونكە پێشتر زۆر جار كێشە بۆ ھەرێم دروست دەكرا كە ناتوانێ پەیوەندیی ئابووریی خۆی لەگەڵ  جیھاندا دروست بكات و بەغدایش بەردەوام گوشاری لەسەر ھەرێم دروست دەكرد".

(مەلاعومەر) گوتیشی، "ئێستا كە وڵاتێكی زلھێزی وەك ڕووسیا بانگھێشتی ھەرێمی كوردستان بۆ كۆڕبەندی ئابووری جیھانی دەكات، گرینگیی زۆری ھەیە و دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ھەرێم رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ڕووسیا و ئەوانەی دیكەی جیھانی واژۆ بكات لە بواری نەوت و غازدا، ئەمەش وا نیشان دەدات ھەرێمی كوردستان لە بواری نەوتدا سەركەوتنی بە دەست ھێناوە".

ئەو چاودێری سیاسییە دەشڵێت، "ناتوانین سیاسەت و ئابووری لە یەك جیا بكەینەوە، چونكە بە یەكەوە گرێ دراون، ھەرێمی كوردستانیش چەند بتوانی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیھان بۆ خۆی راكێشێت، بەو ئەندازەیە دەستكەوتی سیاسییش بە دەست دەهێنێت".

 راشیگەیاند، "ھەر لەم سەردانەدا، بڕیارە سەرۆكی حكوومەت چاوی بە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بكەوێت، ئەمەیش زۆر گرینگە لەبەر ئەوەی ھەرێم بەنیازە ریفراندۆم ئەنجام بدات، بۆیە لەو كۆبوونەوەیەدا ئەو پرسە باس دەكرێت، ڕووسیایش ئەگەر راستەوخۆ پشتگیری لە ھەرێمی كوردستان نەكات، بە دڵنیاییەوە دژایەتیی ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستان ناكات، ئەمەیش زۆر گرینگە، چونكە لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتیدا پێنج دەوڵەت ھەیە مافی ڤیتۆی ھەیە كە یەك لەوانە ڕووسیایە، بۆیە ڕووسیا توانای ئەوەی ھەیە رێگر بێت لەوەی ھەرێم ببێتە ئەندام لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام گەر پاڵپشت بێت، ئەو كات دەروازەیەك دەبێتەوە بۆ ھەرێم كە مافی ڤیتۆ دژی بەكار نەھێندرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار