عەلی حوسێن: مالیكی شكستی بردووە.. رای گشتیش باش دەزانن چ كەسێكە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، كەسانی وەكوو (مالیكی) و حیزبەكەی شكستیان بردووە و شەرمەزارییە لێدوان بدەن، چونكە ناتوانن لەو رێگەییەوە خەڵك چەواشە بكەن و، رای گشتییش باش لە چەواشەكارییەكانیان گەییشتووە.
(عەلی حوسێن)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، بە جۆرێك لە جۆرەكان دژایەتیی خۆیان بۆ ھەرێمی كوردستان دەربڕیوە، ئێمە پێمان وابوو لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـوە رای حكوومەتی عێراق لەبارەی داخوازییەكانی كوردەوە دەگۆڕدرێت، بەڵام لە سەرەتاوە (نووری مالیكی) و خەڵكانی وەكوو خۆی، دژایەتیی مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستانیان كرد، ئینجا لە بڕینی بوودجەی ھەرێمەوە تا دەگاتە ئەوەی زۆرێك لە ناوچەكانی عێراق كەوتنە ژێر دەستی داعشەوە".
(حوسێن) گوتیشی، "(نووری مالیكی) و حیزبەكەی ششكستیان بردووە و شەرمەزارییە لێدوان بدەن، چونكە ئەو كارەساتانەی ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە، ھەموویان هۆكارەكەی (مالیكی) بووە".
بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی ڕوونیشی كردەوە، "(مالیكی) لای ئێمە كەسێكی دۆڕاوە و ھیچ قیمەتێكی نییە و حیسابیشی بۆ ناكەین، نەك تەنیا ئێمە، بەڵكوو نوخبەی سیاسی و گەلانی عێراقیش حیساب بۆ قسەكانی ناكەن. (مالیكی)ـیش دەیەوێت لەو رێگەیەوە رای گشتی و شەقامی عێراقی چەواشە بكات، چونكە لە ھەڵبژاردنەكان نزیك بووینەتەوە، بەڵام رای گشتییش باش لە (مالیكی) گەییشتوونە و دەزانن چ كەسێكە".
دەشڵێت: "ئێمە بە (نووری مالیكی) دەڵێین، كە خەباتی گەلی كورد خەباتێكی رەوا بووە و ھێزی پێشمەرگە شەڕی ھێز لە دوای ھێزی كردووە و داعشی تێك شكاندووە و پێشمەرگە بووەتە رەمز، ئێمەیش حیسابی بۆ ناكەین و كەسێكی دۆڕاوە، كەسی دۆڕاویش لە سیاسەتدا قسەكانی بێئەنجامن و ئەگەر دەیشیەوێت با خۆی بەرانبەر گەلی كورد و پێشمەرگە تاقی بكاتەوە".
بڵند ئیبراھیم




