٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئازاد تۆفیق: سەرۆكایەتیی هەرێم وەڵامێكی باشی دایەوه‌.. مالیكی خەون دەبینێت

سەرچاوە: KDP.info

 

سلێمانی-KDP.info- (ئازاد تۆفیق) چاودێری سیاسی و ئەندامی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، پێش ئەوەی دەوڵەتی عێراق دروست ببێت، لە سەردەمی (شێخ مەحموودی حەفید)ـدا كورد حكومڕانیی خۆی هەبووە، ئەو دەوڵەتەی عێراقیش بەرهەمی سایكس پیكۆیە، بۆیە كەس بۆی نییە باس لە دەوڵەتی كوردستان بكات، جگە لە كورد خۆی.

(ئازاد تۆفیق)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "قسەكانی (مالیكی) پووچن و تەنیا خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەتوانن بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، (مالیكی)ـیش لە سەردەمی شاخ لە پەنای پێشمەرگە حەواوەتەوە و لە ڕاپەرینە مەزنەكەی كوردستانیش تا ساڵی 2003 لە كوردستان كرێچی بووە و نەیتوانیوە قاچ بخاتە ناو بەغدا، بەڵام ئێستا كە هێزێكی لە بندەستە، هەڕەشە لە كوردستان دەكات كە ئەوەیش خەونە دەیبینێت".

(تۆفیق) گوتیشی، "كاتێك لە ساڵی 1925 كوردستان بۆ هاوسەنگیی هێز خراوەتە سەر عێراق، پرس بە ئێمە نەكراوە، لە ئێستایشدا ئێمە جگە لە گەلەكەمان، بۆ ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی پرس بە كەس ناكەین".

ئەندامەكەی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی دەشڵێت، "لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بۆ سەربەخۆیی كوردستان و دیموكراسی دروست بوونە و خەبات دەكەن، هیچ هێزێكی سیاسییش دژی ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی نییە".

ڕوونیشی كردەوە: "دەستخۆشی لە بەیاننامەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكەم، كە وەڵامێكی باشی (مالیكی) دایەوە لەبارەی یەكگرتوویی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان. بیرمان نەچێت پێش ئەوەی دەوڵەتی عێراق دروست ببێت، لە سەردەمی (شێخ مەحموودی حەفید)ـدا كورد حكومڕانیی خۆی هەبووە، ئەو دەوڵەتەی عێراقیش بەرهەمی سایكس پیكۆیە، بۆیە كەس بۆی نییە باس لە دەوڵەتی كوردستان بكات، جگە لە كورد خۆی".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار