نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ڕووسیای فیدرال و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یدا كۆ ده‌بێته‌وه

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ به‌شداری له كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی له سان پترسبۆرگ له ڕووسیایه، له‌گه‌ڵ (ڤلادمیر پووتین) سه‌رۆكی ڕووسیای فیدرال و (سێرگی لاڤرۆڤ) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌دا كۆ ده‌بێته‌وه.
پاشنیوه‌ڕۆی چوارشه‌ممه 31-5-2017، (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه له (قوباد تاڵه‌بانی) جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و شاندێكی یاوه‌ری پێكهاتبوو، به سه‌ردانێكی فه‌رمی و به مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی له سان پترسبۆرگ، سه‌ردانی ڕووسیایان كرد.

له‌م سه‌ردانه‌دا سه‌رۆكوه‌زیران چاوی به هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك (ڤلادمیر پووتین) سه‌رۆكی ڕووسیای فیدرال و (سێرگی لاڤرۆڤ) وه‌زیری ده‌ره‌وه و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی دیكه‌ی ڕووسیا و به‌رپرسانی هه‌ردوو كۆمپانیای گاز پرۆم نه‌فت و رووس نه‌فت ده‌كه‌وێت.
بڕیار وایه له میانی به‌شداریكرن له كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانیدا كه ماوه‌ی سێ ڕۆژ له شاری سان پرسبۆرگ به‌رده‌وام ده‌بێت، سه‌رۆكوه‌زیران كۆمه‌لێك دیدار و چاوپێكه‌وتنی دیكه ئه‌نجام بده‌ن.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ڕووسیا، ئێواره‌ی چوارشەممە، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له شاری سان پترسبۆرگ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسانی كۆمپانیای ڕووس نه‌فتی ڕووسی كۆ بووه‌وه، كه كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ی بواری نه‌وتی ڕووسییه. له دیدارێكدا گفتوگۆ ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تیی هاوكاریی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیای ڕووس نه‌فت له ئێستا و داهاتوودا و میكانزمی دروستكردنی ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانیاكه له هه‌رێمی كوردستان و، به‌رده‌وامیی دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی هاوشێوه له نێوان هه‌ردوولادا كرا.




