٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كوردستانیان: هەڕەشەكانی مالیکی كاریگەرییان لەسەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی نابێ

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info-  كوردستانیان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، (سەدام) و داعش بەو هێز و چەكەی كە هەیانبوو هیچیان بەرامبەر بە كورد پێ نەكرا و دواجار لەناو چوون، (نووری مالیکی) كە تەنیا سەرۆكی كۆتلەیەكە چی پێ دەكرێت، بۆیە هەڕەشەكانی (نووری مالیکی) كاریگەرییان لەسەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان نابێت و گەلی كورد بڕیاری خۆی داوە و بە هەڕەشەكانی ئەو هیچ كەس و لایەنێك پاشگەز نابێتەوە.

(مراد میرزا) فەرمانبەر لە ڕواندز بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''(سەرۆك بارزانی) هەڵگری پەیامی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستانە، گەلی كوردیش پشت و پەنای (سەرۆك بارزانی)یە و لەگەڵ ئەوەن سەربەخۆ بن، بۆیە نەك (نووری مالیکی)، بەڵكو ئەگەر هەموو وڵاتانی جیهان دژی كورد بوەستنەوە، ناتوانن ڕێگری لە داخوازییەكانی گەلی كورد بکەن، چونكە گەلی كورد بڕیاری خۆی داوە.''

(سەروان جادر)، قوتابیی كۆلێژی یاسا لە سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''بە پێی دەستوور گەلی كورد مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، كە لە ساڵی 2003ـەوە حكوومەتی عێراق دەستووری جێبەجێ نەکردووە و ئەوەش وای كردووە، كە گەلی كورد بیر لە بژاردەی دیكە بكاتەوە، بۆیە هەڕەشەكانی (نووری مالیکی) كاریگەرییان لەسەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان نابێت و پێویستە ڕۆژێك بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دیاری بكرێت، بۆ ئەوەی سەربەخۆ بین، چونكە بە سەربەخۆیی كەس ناتوانێت دژت بوەستێتەوە.''

(لەیلا مەجید)، قوتابیەكی دیكەی خەڵكی سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوون كردەوە: ''(سەدام) و داعش بەو هێز و چەكەی هەیانبوو هیچیان بەرامبەر بە كورد پێ نەكرا و دواجار لەناو چوون، (نووری مالیکی) كە تەنیا سەرۆكی كۆتلەیەكە چی پێ دەكرێت، بەڵام دەبێ هێز و لایەنەكان یەكگرتوو بن، بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی بەرامبەر بە دوژمنەكانی كورد بوەستنەوە، بۆ ئەوەی كەس دەست بۆ هەرێمی كوردستان درێژ نەكات.''

(مەنسوور مزگین)، كە هاووڵاتییەكی خەڵكی شارۆچكەی چۆمانە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوون کردەوە: ''(نووری مالیكی) هەموو كاتێك دژی هەرێمی كوردستان وەستاوەتەوە، تەنانەت ئەو هۆكاری سەرەكیی هاتنی داعش بوو بۆ ناوچەكە، حەشدی شەعبیشی دروست كرد، كە ئێستا بووەتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ئەگەر لایەنە سیاسییەكانی هەرێم یەك نەگرن، ئەوانەی دژی هەرێمی كوردستانن، بەردەوام هەندێك ڕێ دەگرنەبەر بۆ ئەوەی  گەلی كورد بە مافە ڕەواكانی خۆی نەگات، بۆیە پێویستە یەك بگرن، بۆ ئەوەی خەباتی گەلی كورد بەفیڕۆ نەچێت و بە مافە ڕەواكانی خۆمان بگەین.''

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار